بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە، ٢٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، کۆڵبەرێکی تەمەن ٣٤ ساڵی خەڵکی شاری بانە بە ناوی «تەیب ڕۆستەمی» لە سنووری «سوورکێو»ی سەر بەو شارە، بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە گیانی لەدەست دا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست گەیشتوون، هێزەکانی هەنگی سنووریی ڕێژیم بە بێ هیچ جۆرە ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە و لە مەودایەکی نزیکەوە تەقەیان لە ناوبراو کردووە، کە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە.
تەیب ڕۆستەمی تەمەن ٣٤ ساڵ، خێزاندار و باوکی منداڵێک بووە؛ هاوکات هاوژینەکەی ئێستا دووگیانە و کوژرانی ئەم کۆڵبەرە کارەساتێکی دڵتەزێنی بۆ بنەماڵەکەی بەجێ هێشتووە.
کوشتنی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکان، دیاردەیەکی بەردەوامە و سەرەڕای ناڕەزایەتییە بەرفراوانەکان، هێشتاش بەردەوامە و ژیانی هاووڵاتییانی دانیشتووی ناوچە سنوورییەکان دەخاتە مەترسییەوە.