فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئەمریکا بە سەپاندنی گەمارۆیەکی بەرفراوانی دەریایی، بازرگانیی دەریایی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و لە ئێرانیان ڕاگرتووە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی چەسپاندنی باڵادەستیی دەریایی واشنگتۆن لە ناوچەکەدا ئەنجام دراوە.
برەد کوپێر، فەرماندەی سێنتکام، ئێوارەی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس بڵاوکرایەوە، وتی: "گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران بەتەواوی جێبەجێ کراوە و هێزەکانی ئەمریکا باڵادەستیی دەریایی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پاراستووە."
ئەو بە ئاماژەدان بە گیرۆدەبوونی ئابووریی ئێران بە ڕێگاکانی دەریاوە زیادی کرد: "مەزندە دەکرێت نزیکەی ٩٠ لەسەدی ئابووریی ئێران لە ڕێگەی بازرگانیی نێودەوڵەتیی دەریایییەوە دابین بکرێت."
فەرماندەی سێنتکام زیادی کرد کە لە کەمتر لە ٣٦ کاتژمێر لە جێبەجێکردنی ئەم گەمارۆیە، هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە بازرگانیی ئابووریی، چ هاتن و ڕۆیشتن لە ڕێگەی دەریاوە بەتەواوی ڕابگرن.
سێنتکام پێشتر ڕایگەیاند کە گەمارۆ دژی ئێران بە شێوەیەکی بێلایەنانە دژی کەشتییەکانی هەموو ئەو وڵاتانە جێبەجێ دەکرێت کە دەچنە ناوچە کەناراوییەکان یان بەندەرەکانی ئێران، یان لێیان دەچنە دەرەوە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دەدرێن کە گرژییەکان لە ناوچەکە و گوشارە ئابووری و سەربازییەکان دژی کۆماری ئیسلامی لە هەڵکشاندایە.