بەپێی ڕاپۆرتی ساندی تایمز، ئەمریکا کەرەستە سەربازییەکانی وەک فڕۆکەی شەڕکەری ئێف ٣٥، فڕۆکەی سی ١٧، تانکەری سووتەمەنیی ئاسمانی و هێزە مرۆییەکانی بە ڕێژەیەک لە خاکی ئێران نزیک کردووەتەوە کە دەتوانێت بە ئاسانی هێرشی ڕاستەوخۆ بکات و هەموو بنکە و شوێنە هەستیارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بکاتە ئامانج.
هەروەها ئەو ڕۆژنامە بەریتانییە باسی لە دۆخی ئێستای ڕێژیمی تاران کردووە و نووسیویەتی: "لە ڕوانگەی دۆخی نێوخۆیی و دەرەکییەوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە لاوازترین ماوەی دەسەڵاتداریی خۆیدایە".
ساندی تایمز لە بەشێکی ڕاپۆرتەكەدا پرژاوەتە سەر قەیران و هەوڵە دژەمرۆییەکانی ڕێژیمی ئێران وەک سەرکوتی خوێناویی ناڕەزایەتییەکان، ئابووریی داڕماو، ناکارامەیی بەڕێوەبەری، گەمارۆکان و شپرزەیی دۆخی هێزە سەربازییەکانی ڕێژیم.
شیکارییەکە دەرخەری ئەوەیە کە مەرجەکانی ترامپ بۆ کۆماری ئیسلامی جیبەجێ نابێت و بەرپرسانی ڕێژیمیش مەرجەکانی ئەمریکا بە خۆبەدەستەوەدان دەزانن، بۆیە ئەوە دەكرێ شەڕێکی گەورەی لێ بکەوێتەوە.