هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی «عەبدوڵڵا پەشابادی» و ناوبراویان دەستبەسەر کرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتووە، هێزە ئەمنییەکان بەبێ پیشاندانی هیچ بڕیارێکی دادوەری، لە نێو ماڵەکەی خۆیدا لە شاری کرماشان، عەبدوڵڵا پەشابادی-یان دەستبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
عەبدوڵڵا پەشابادی، تەمەن ٥٦ ساڵ، خەڵکی گوندی «پەشاوای» سەر بە شاری کامێرانە و ماوەیەکە لە شاری کرماشان نیشتەجێیە. سەرچاوە نزیکەکان لە بنەماڵەی ناوبراو ئاماژەیان بەوە کردووە کە تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، سەرباری بەدواداچوونی بەردەوامی کەسوکاری، هیچ زانیارییەکی ڕوون لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتە پاڵدراوەکان و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە و نیگەرانییەکان لەبارەی دۆخی تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنی پەرەی سەندووە.
دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان بەبێ بەڵگەی یاسایی و بێسەروشوێنکردنیان لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، بەشێکە لەو ڕەوتە بەردەوامەی کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافی مرۆڤ ئەژمار دەکرێت.