وەزارەتی دەرەوەی ئەرجەنتین، ڕایگەیاند، گەورە دیپلۆماتکارێکی ئێرانییان لە وڵاتەکەیان دەرکردووە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە میانەی هاوپەیمانێتیی ئەرجەنتین لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەژمار دەکرێت.
ڕۆژی یەکشەممە، پابلۆ کێرنۆ، وەزیری دەرەوەی ئەرجەنتین ڕایگەیاند، موحسین سەڵتانی تاران، کارداری ئێران، خاکی ئەرجەنتینی جێهێشتووە، ئەمەش دوای ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە مۆڵەتی ٤٨ کاتژمێری پێدرابوو بۆ چۆڵکردنی وڵات.
جێی ئاماژەیە ئەرجەنتین پێشتریش بە فەرمی سوپای پاسدارانی ئێرانی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند.
بەگوێرەی ئەمە حکوومەتی ئەرجەنتین دەتوانێت سزای دارایی بەسەر ئەو لایەنانەدا بسەپێنێت کە بازرگانی لەگەڵ سوپای پاسداران دەکەن، هەروەها دەتوانێت دەست بەسەر هەر سەرمایە و داراییەکی ئەو هێزەدا لە ناو خاکی ئەرجەنتیندا بگرێت.