دوو چالاکوانی مافی ژنان و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە شاری سەنە، بە تۆمەتی نوێ و لە کاتێکدا هێشتا دۆسیە پێشووەکانیان یەکلایی نەبووەتەوە، بۆ دادگای پێداچوونەوە بانگهێشت کران.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، لەیلا پاشایی و باران ساعدی، ڕۆژی سێشەممە بە فەرمی ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێت لە سەرەتای مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا، لە دادگای پێداچوونەوە ئامادە بن. لە ئاگادارییە نامەکەدا، تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکی» خراوەتە پاڵ ئەو دوو چالاکوانە.
ئەم بانگهێشتە لە کاتێکدایە کە دۆسیەی پێشووی هەردوو چالاکوانەکە، کە پەیوەست بووە بە بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی ژنان، هێشتا لە دادگا کراوەیە و چارەنووسیان نادیار ماوەتەوە.
لەیلا پاشایی و باران ساعدی لە ڕەوتی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا لە شاری سەنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون. تۆمارکردنی ئەم دۆسیە نوێیە بۆ سەر ئەو دوو چالاکوانە، وەک بەشێک لە گوشارە بەردەوامەکانی دەزگا ئەمنییەکان بۆ سەر چالاکوانانی مەدەنی و مافی ژنان لەو شارە لێک دەدرێتەوە.