پارتی لیبڕاڵ دیمۆکراتی کوردستان لەسێدارەدانی چوارئەندامی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵق توندی شەرمەزار دەکەین.
ئیمە لەسێدارەدانی چوار تێکۆشەری ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵق (محەممەد تەقوی، ئەکبەر دانشوەرکار، پویا قوبادی و بابەک عەلیپوور) لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە توندی شەرمەزار دەکەین. ئەم لەسێدارەدانە ناڕەوا و دڕندانەیەی کە لە ماوەی تەنیا دوو
ڕۆژدا دژی چوار چالاکوانی سیاسی و ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵق ئەنجام دران، بەشێکن لە سیاسەتی تۆقاندن و تیرۆری دەوڵەتیی ڕژێمی ئاخوندی دژی تەواوی ئازادیخوازانی ئێران. ئەم تاوانانە نیشانەی ترس و لاوازیی ڕژێمە لە بەرامبەر بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەلانی ئێران.
ئێمە داوا لە هەموو ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و حکوومەتە ئازادیخوازەکان دەکەین، گوشارێکی ڕاستەقینە بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی لەسێدارەدانەکان و ئازادکردنی بێمەرجی هەموو زیندانیانی سیاسی و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە خەباتی گەلانی ئێران بکات، بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و دیموکراسی.
ئەم لەسێدارەدانانە نەک هەر پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤن، بەڵکوو هەوڵێکی بێهودەن بۆ کپکردنی دەنگی ئازادی؛ بەڵام خوێنی شەهیدان وەک هەمیشە دەبێتە هەوێنی گەرمترکردنی کوورەی خەبات.
بە ناوی پارتی لیبڕاڵ دیمۆکراتی کوردستانەوە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی تێکۆشەران (محەممەد تەقوی، ئەکبەر دانشوەرکار، پویا قوبادی و بابەک عەلیپوور) و ڕێکخراوی موجاهیدینی خەڵقی ئێران دەکەین.
مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئاخۆندی و ئازادی بۆ گەلانی ئێران!
پارتی لیبڕاڵ دیمۆکراتی کوردستان
١١ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ کوردی