کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئامارێکی مەترسیداری سەبارەت بە لەسێدارەدانی زیندانیان لە ئێران بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە تا ئێستا، لانیکەم ٥٦ زیندانیی سیاسی و ئەمنی لەو وڵاتە لە سێدارە دراون.
ڤۆڵکەر تورک، کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد کە لە نێو ئەو ژمارەیەی لەسێدارەدراواندا، ٢٧ کەسیان ئەو خۆپیشاندەرانە بوون کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا دەستبەسەر کرابوون.
ناوبراو جەختی کردەوە کە ڕەوتی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران ڕووی لە هەڵکشان کردووە. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "نیگەرانییەکی زۆرم هەیە لەوەی سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ ترساندن و سەرکوتکردنی دەنگی ناڕەزایەتییەکان بەکار دەهێنرێت." کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤ بە توندی ڕەخنەی لە نەبوونی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و پشێویی پرۆسە یاساییەکان لە ئێران گرت.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ژمارەیەک لەو سزایانە لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ بووە کە لە ژێر ئەشکەنجە و هەڕەشەدا لە تۆمەتباران وەرگیراون. لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هەندێک لەو لەسێدارەدانانە لە شوێنی گشتیدا ئەنجام دراون و بەشێکی دیکەیان تەنیا چەند هەفتەیەک پاش دەستگیرکردنیان جێبەجێ کراون.
هەروەها باس لەوە کراوە کە بۆ ژمارەیەک لە تۆمەتباران، تەنیا دانیشتنێکی دادگایی داخراوی سێ کاتژمێری بەس بووە بۆ ئەوەی سزای مەرگیان بەسەردا بسەپێنرێت. نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە دەستبەجێ هەموو جۆرە لەسێدارەدانێک ڕابگرن و هەنگاوی ڕژد بەرەو هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکیی ئەم سزایە بنێن.