پارتی لیبڕاڵ دیمۆکراتی کوردستان سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی سەرجەم ئەو حیزب، لایەن و کەسایەتییانە دەکەین کە بە ناردنی پەیام و بروسکەی پیرۆزبایی، یان بە بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی دامەزراندنی "پارتی لیبڕاڵ دیمۆکراتی کوردستان"دا، ڕێزیان لێ گرتین.دەقی پەیامەکە
خەڵكی ئازادیخوازی كوردستان
كۆڕو كۆمەڵە سیاسییە كوردستانی و نێودەوڵەتییەكان
ژنان، لاوان، خوێندكاران، رووناكبیران
سڵاوێکی سۆڕشگێرانە
وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی قووڵمان، بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین سپاس و پێزانینی بێپایانی خۆمان ئاراستەی سەرجەم ئەو کەسایەتییە نیشتمانپەروەر، ڕۆشنبیر و دڵسۆزانە بکەین کە بە ناردنی بروسکە و پەیامی پیرۆزبایی و دەربڕینی هەستە پاکەکانیان، هاوبەشیی خۆیان لەم بۆنەیەدا لەگەڵ ئێمەدا دەربڕی.
هەروەها سوپاس و پێزانینی تایبەتیی خۆمان ئاراستەی سەرجەم ئەو حیزب و لایەنە سیاسی، ناوەندە ئەکادیمییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەین کە لە ڕێگەی ناردنی پەیامی پیرۆزبایی و بەشدارییان لەم یادەدا، جەختیان لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و پتەوکردنی پرەنسیپە دیموکراسییەکان کردەوە.
ئەم پەیام و گەرموگوڕییەی ئێوە، تەنیا دەربڕینی ڕێزێکی کۆمەڵایەتی نییە، بەڵکو متمانەیەکی مەعنەویی گەورەیە بەو ڕێڕەوە سیاسییەی "پارتی لیبراڵ دیمۆکراتی کوردستان" کە بڕوای نەگۆڕی بە ئازادی، دادپەروەری و پاراستنی ماف و ئازادییە گشتییەکان هەیە.
ئەم بەشدارییەی ئێوە بە پاڵپشتییەکی گرنگ بۆ کاروانی خەباتی مەدەنی و دیمۆکراتیی خۆمان دەزانین و وەک هاندەرێک بۆ بەردەوامبوونمان لە پێناوی خزمەتکردنی زیاتری گەل و نیشتمان لێی دەڕوانین.
ئومێدەوارین ئەم دەرفەتە، دەستپێکێکی نوێ بێت بۆ زیاتر لێکنزیکبوونەوەی هێزە نیشتمانپەروەرەکان و گەڕان بەدوای هاوبەشیی زیاتر لە پێناوی بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و پێشکەوتوودا.
جارێکی تر، سپاسی یەکبەیەکتان دەکەین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین.
پارتی لیبراڵ دیمۆکراتی کوردستان
١٨ی پووسپەری ٢٧٢٦ کوردی