مارک ڕووتە سکرتێری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ سپاسی هەوڵەکانی ئەمریکای بۆ پێشگرتن بە تەماحە ئەتۆمییەکانی ئێران کرد و هۆشداریی دا کە تاران لە هەناردەکردنی بشێوی و تێرۆریزم کە ئەمنییەتی جیهانی خستووەتە مەترسییەوە، بەردەوامە.
ڕووتە دوای دیدارەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە ئێران لە بنەڕەتدا بە توانای ئەتۆمی گەیشتبوو و ئەمەش دەبووە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ناوچەکە و تەواوی جیهان.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە لە کۆبوونەوەی گرووپی حەوتدا سەرجەم ڕێبەران پێشوازییان لە لاوازکردنی ئەم توانا ئەتۆمییەی ئێران کردووە.
سکرتێری گشتیی ناتۆ جەختی کردەوە کە دۆناڵد ترامپ وەک ڕێبەری جیهانی ئازاد بەرپرسیاریەتیی پاراستنی ئەمنییەتی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەمریکا گرتووەتە ئەستۆ.