کاوە کوردستانی، وێنەگر و چالاکی مەدەنیی خەڵکی شاری مەریوان کە ئەندامی «ئەنجومەنی سەوزی چیا»یە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست گەیشتوون، ڕۆژی ١٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، هێزەکانی فەراجا بە هەڵکوتانە سەر شوێنی کارەکەی کاوە کوردستانی لە شاری مەریوان، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە. سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە کە هێزە حکوومەتییەکان پاش دەستبەسەرکردنی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەشی و وێڕای پشکنینی ماڵەکە، دەستیان بەسەر مۆبایلەکانی خۆی و هاوژینەکەیدا گرتووە.
زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کاوە کوردستانی پاش دەستبەسەرکردنی، بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری تاران گواستراوەتەوە. ناوبراو دوای تێپەڕبوونی نۆ ڕۆژ لە لێپرسینەوە، لە ڕێکەوتی ١٩ی خەزەڵوەردا بۆ بەندیخانەی تارانی گەورە (فەشەفوویە) گوازراوەتەوە. سەرەڕای تێپەڕبوونی کاتێکی زۆر، تا ئێستا وردەکارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ئەم وێنەگر و ژینگەپارێزە لە بەردەستدا نییە.
هەروەها، کاوە کوردستانی لە کاتی دەستبەسەرکردنییەوە تا ئەم ساتە، لە مافی بنەڕەتیی خۆی بۆ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە، ئەمەش نیگەرانییەکانی لەبارەی دۆخی ناوبراو و شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵیدا زیاتر کردووە.