ڕۆژنامەی «نیویۆرک پۆست» لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە بەهۆی بەکارهێنانی ڕێڕەوێکی دەریایی نوێ لەلایەن عومانەوە، هەژموون و کۆنترۆڵی تاران بەسەر گەرووی ستراتیژیی هورمزدا ڕووی لە لاوازی کردووە و هاتوچۆی کەشتییەکان لەو ناوچەیەدا بە ڕێژەی لەسەدا ٤٠٠ زیادی کردووە.
ئەو ڕۆژنامەیە بە پشتبەستن بە ئامارەکانی «ناوەندی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی بەریتانیا» بڵاوی کردەوە، تەنیا لە هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی ٢٠٠ کەشتی لە گەرووی هورمز پەڕیونەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە دوو هەفتە لەمەوبەر ئەو ژمارەیە تەنیا ٤٠ کەشتی بوو. بەپێی ڕاپۆرتەکە، هۆکاری سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییە، بەکارهێنانی ڕێڕەوی دەریایی عومانە لەلایەن زیاتر لە ٨٠٪ی کەشتییەکانەوە، کە لەلایەن ڕێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی و واشنتنەوە پاڵپشتیی تەواوی لێ دەکرێت.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە زۆربەی ئەو کەشتییانەی لەو ڕێڕەوەدا هاتوچۆ دەکەن، ئاڵای ئەمریکا، لیبیریا یان پانامایان بەرز کردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی ڕەنگە بەشێکی کەمیان بە کردەیی سەر بەو وڵاتانە بن. لەم بارەیەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕای گەیاندووە کە گەرووی هورمز بە تەواوی لە مین پاک کراوەتەوە و ڕێڕەوەکە بە ڕووی کەشتییە نێودەوڵەتییەکاندا کراوەتەوە. ناوبراو هاوکات هۆشداریی داوە لە سەپاندنی توندترین سزای ئابووری بەسەر تاراند، ئەگەر بێت و لە سیاسەتەکانی خۆی بەردەوام بێت.
لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، موحسین ڕەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی سیستەمی ئێران، هەڕەشەی کردووە و ڕای گەیاندووە، هەر وڵاتێک لە «جەنگی ئابووریی» ئەمریکا دژ بە ئێران هاوکاریی واشنتن بکات، دەبێتە ئامانجی تۆڵەسەندنەوەی تاران. ئەم پەرەسەندنە نوێیانە نیشاندەری گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە هاوکێشە ئەمنیی و ئابوورییەکانی ناوچەی کەنداو، کە تێیدا هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی ئێران لەسەر گەرووە ئاوییە هەستیارەکان چووەتە قۆناغێکی نوێوە.