مستەفا ئیبراهیمی، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٣، هێزە ئەمنییەکان لە مەهاباد هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مستەفا ئیبراهیمی و بەبێ مۆڵەتی یاسایی، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
سەرەڕای بەدواداچوون و سەردانی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بۆ دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان، تا ئێستە هیچ زانیاری و ڕوونکردنەوەیەکیان لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و تۆمەتەکانی ئەم هاووڵاتییە پێ نەدراوە. هەروەها هیچ زانیارییەکیش لەسەر شوێنی ڕاگرتن و بارودۆخی ئێستای دەست نەکەوتووە.