شەمسی خوسرەوی، هاووڵاتیی تەمەن ٤٤ ساڵی خەڵکی سەقز کە لە بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین دەستبەسەرە، بەهۆی دۆسیەیەکی ئەمنییەوە لە بەردەم مەترسییەکی جیددیی سزای لەسێدارەداندایە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست کەوتوون، دانیشتنی دادگای ناوبراو لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبولقاسم سەڵەواتی بەڕێوە چووە.
لە ڕەوتی ئەو دانیشتنەدا، دادوەر سەڵەواتی بە ڕاشکاوی بە شەمسی خوسرەوی ڕاگەیاندووە کە سزایەکی جگە لە لەسێدارەدان چاوەڕوانی ناکات.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دەزگای دادوەری و ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تۆمەتی قورسی وەک «ئەفساد فیئەلئەرز»، «تۆمەتبارکردن بە سیخوڕی بۆ ئیسرائیل» و «هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەت»-یان بۆ ئەم هاووڵاتییە تەرەش کردووە.
شەمسی خوسرەوی لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، لە ڕێگای نێوان کەرەج بۆ تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
ناوبراو دوای دەستبەسەرکردنی، بۆ ماوەی دوو مانگ لە دۆخێکی نادیاردا و بەبێ بوونی هیچ دەرفەتێکی پەیوەندیگرتن لەگەڵ کەسوکارەکەی، لە ژێر لێپرسینەوەدا بووە. مەترسیی دەرکردنی سزای مەرگ بۆ ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کاتێکدایە، کە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام هۆشداری دەدەن لەسەر بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی دەنگی ناڕازی و تۆقاندنی کۆمەڵگە لە لایەن دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانەوە.