ماڵپەڕی هەواڵیی «ئاکسیۆس» لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی و دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، ئێران لە ڕێگەی نێوەندگیریی پاکیستانییەوە پێشنیارێکی نوێی بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێک پێشکەش بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە، بە ئامانجی کردنەوەی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنان بە شەڕ. ئەم پێشنیارە دواخستنی دانوستانە ئەتۆمییەکان بۆ قۆناغێکی دیکە لەخۆدەگرێت.
ئەم ماڵپەڕە لە زاری سەرچاوەکانی خۆیەوە جەختی کردووەتەوە کە پاکیستان پێشنیارەکانی ئەمدواییەی ئێرانی گەیاندووەتە ئەمریکا و ڕوونی کردووەتەوە کە ئێران پێشنیار دەکات سەرەتا «قەیرانی گەرووی هورمز و گەمارۆکە» چارەسەر بکرێت و ئاگربەست بۆ «ماوەیەکی درێژ» نوێ بکرێتەوە.
بەپێی سەرچاوەکانی ئاکسیۆس، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە نێوەندگیرەکانی ڕاگەیاندووە، لە ناو ناوەندی بڕیاری ئێراندا هیچ ڕێککەوتن و کۆدەنگییەک لەسەر وەڵامدانەوەی داواکارییە ئەتۆمییەکانی واشنتن یان چۆنیەتی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی دیکە بوونی نییە.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تا ئێستا ڕوون نییە کۆشکی سپی تا چەند ئامادەیە تاوتوێی پێشنیارە نوێیەکانی ئێران بکات.
لە هەمان کاتدا، بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاکسیۆسی ڕاگەیاندووە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، «ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان ئەنجام دەدات و لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی تاوتوێی بژاردەکانی پەیوەست بە ئێران دەکات».
هەر لەم چوارچێوەیەدا، بەرپرسێکی کۆشکی سپی بە ئاکسیۆسی وتووە، واشنتن هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران ناکات مەگەر گەرەنتی ئەوە بکرێت کە تاران دەستی بە چەکی ئەتۆمی ناگات.
پێشتر ترەمپ ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاندبوو، ئەگەر ئێران دەیەوێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ دانوستان بکات، دەتوانێت ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کەسی خۆیەوە بکات. ناوبراو جەختی کردەوە کە تاران ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. لە هەمان کاتدا عەباس عێراقچی بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ گەڕاوەتەوە بۆ پاکیستان، هەرچەندە تیمی دانوستانکاری ئەمریکی لەوێ ئامادە نییە.
پێش ئەمە و دوای ئەوەی ترەمپ گەشتی ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەری بۆ ئیسلام ئاباد هەڵوەشاندەوە، ئومێدەکان بۆ زیندووکردنەوەی هەوڵەکانی ئاشتی کەمی کردبوو.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی «فۆکس نیوز» وتی: «ئەگەر دەیانەوێت قسەمان لەگەڵ بکەن، دەتوانن وەرنە لامان. وەک دەزانن ئێمە تەلەفۆنمان هەیە و هێڵی پەیوەندی زۆر باش و پارێزراومان هەیە». هەروەها وتیشی: «ئەوان دەزانن دەبێت ڕێککەوتنەکە چی لەخۆ بگرێت. بابەتەکە زۆر سادەیە؛ ئەوان ناتوانن چەکی ئەتۆمییان هەبێت. ئەگەر ئەم مەرجە لە ڕێککەوتنەکەدا نەبێت، هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە».
ئێران ماوەیەکی درێژە داوا لە واشنتن دەکات مافی پیتاندنی یۆرانیۆم - کە بە گوتەی تاران تەنها بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە - بە فەرمی بناسێت، بەڵام وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل پێیان وایە ئێران لە هەوڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمیدایە.