گرووپی یەکڕیزیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکەن کە تەمەنی کۆماری ئیسلامی ڕوو لە کۆتاییە و لە "بۆشایی دەسەڵات" و لە پێناو هەوڵی پێکهێنانی ئیدارەیەکی هاوبەشدا بدرێتە.
ئەمەش دەقی بەیاننامەکەیە
هاونیشتیمانیانی تێکۆشەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
کوردستانیانی بەڕێز!
ڕەوتی ڕووداوەکان و گۆڕانکارییە خێراکان پێمان دەڵێن کە تەمەنی کۆماری ئیسلامی ڕوو لە کۆتاییە و ئەگەری پێکهاتنی بۆشایی دەسەڵات دوور لە چاوەڕوانی نییە. گەرچی دەزانین ژیان لە کاتی شەڕێکی وەهادا ئاسان نییە، بەڵام نابێت لە ئەرکەکانی ئەم رۆژە سەختانە غافڵ بین؛ خۆڕێکخستن و خۆئامادەکردن بە ئاڕاستەی یەکلاییکردنەوەی هاوکێشەکان لە کاتی پێویستدا و ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی خۆمان لە ئەگەری بۆشایی دەسەڵاتدا، ئەرکێکی هەرەگرنگ لەپێشینەمانە. وەک چۆن کۆمەڵگەی مەدەنییکوردستان و چالاکانی مەیدانی لە ساڵانی ڕابردوودا بە کردەوە سەلماندوویانە کە ڕۆڵێکی کاریگەر و مێژووییان لە ڕێکخستنی جەماوەر و پاراستنی دەستکەوتە گشتییەکاندا گێڕاوە، ئێستایش بە خۆشییەوە حیزبە سیاسییەکان بە دروستکردنی هاوپەیمانی خۆیان بۆ دەرفەتە شیمانەکراوەکان ئامادە دەکەن. هەر بۆیە جێی خۆیەتی کۆمەڵگەی مەدەنیوەک هێزێکی زیندوو ئەرکی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکان لە ئەگەری بۆشایی دەسەڵاتیشدا ئامادە بکات.
لەو پەیوەندییەدا ئێمە وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی و پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ «هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران» و هەروەها بۆ هەڵوێستی بەرپرسیارانەی «کۆمەڵگەی مەدەنیی مەریوان» کە لە ڕاگەیاندنی ڕۆژی ١٥ی ڕەشەمەی ٢٧٢٥دا سەبارەت بە ئەرکەکانی ئەم قۆناغە و پێداویستییەکانی کاتی شەڕ گەڵاڵەیان کردووە، سەرنجی هەموو لایەک بۆ ئەم ئەرک و پێشنیارانەی خوارەوە ڕادەکێشین. ئەمانە کۆمەڵە پێشنیارێکن کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەرجۆرە ئەگەرێکی «بۆشایی دەسەڵات» و لە پێناو هەوڵی پێکهێنانی ئیدارەیەکی هاوبەشدا بە بەشداریی جەماوەری کوردستان، کۆمەڵگەی مەدەنی و حیزبە سیاسییەکان دەیخەینە ڕوو:
خۆئامادەکردن بۆ ڕێکخستنی شۆرا یان ئەنجومەنی باڵای بەڕێوەبردن:پێویستە ئەم ئەنجومەنە لە نوێنەرانی ژنان، پیاوان و گەنجانی گەڕەکەکان، پسپۆڕانی زانکۆ، چالاکوانانی مەدەنی و نوێنەری حیزبە سیاسییەکان پێکبێت و بنەما دیموکراتیکەکان بۆ هەموو بڕیاردانێک لە بەرچاو بگیرێت. ئەرکی سەرەکیی ئەم ئەنجومەنە داڕشتنی سیاسەتی گشتیی شار و هەماهەنگیی نێوان هەموو چین و توێژەکانە لە ڕێگای پێکهێنانی کۆمەڵێک لیژنەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە ڕاسپێردراوەکان، لەوانە:
• لیژنەی ئاسایشی ناوخۆ و ئاسایشی گشتیی: ئەم بەشە بەرپرسیار دەبێت لە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان، بنکە حکومییەکان، بانکەکان و دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان. هەروەها ئەرکی ڕێگریکردن لە هەرجۆرە پاشاگەردانی و هەنگاوێکی تێکدەرانە و هاوکاتیش جێبەجێکردنی یاسا مەدەنییەکان لە پێناو پاراستنی ئارامیی شاردادەکەوێتە ئەستۆی ئەم لیژنەیە.
• لیژنەی دادوەری و ناوبژیوانی: ئەم لیژنەیە لە یاساناسان و کەسایەتییە جێمتمانەکان پێک دێت. ئەرکی سەرەکیی لیژنەکە چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕێگریکردنی تەواوە لە هەر هەوڵێکی تۆڵەسەندنەوەی کەسی. ئەم لیژنەیە وەک دەسەڵاتێکی سەربەخۆ کار دەکات بۆ چەسپاندنی دادپەروەری لە کاتی گواستنەوەی دەسەڵاتدا.
• لیژنەکانی ڕاپەڕاندنی خزمەتگوزاری: ئەم لیژنە تەکنیکیانە سەرپەرشتیی نانەواخانەکان، نەخۆشخانەکان، کەرتی ئاو و کارەبا، خوێندنگەکان و پاککردنەوەی شار دەگرنە ئەستۆ. ئامانجیان ئەوەیە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک پەکی نەکەوێت و خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەکی مۆدێرن و گونجاو بەردەوام بن.
• سیستمی دارایی و شەفافیەت: ئەرکەکەی بریتییە لە دروستکردنی سندووقێکی دارایی بۆ کۆکردنەوەی داهاتەکان و هاوکارییەکان لەژێر چاودێرییەکی ورددا. هەروەها بەکارهێنانی میکانیزمی نوێ بۆ ئەوەی خەڵک بە وردی بزانن داهاتی شار چۆن و لە چیدا خەرج دەکرێت، ئەمەیش لە ڕێگای بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێ بۆ ئیدارەکان، دروستکردنی پلاتفۆرمی پێویست بۆ شەفافییەت لە خەرجییەکاندا و دواجاریش ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە بڕیارەکان. هەروەها بەکارهێنانی سیستەمی سەردەمیانە بۆ سەرژمێریی خێرا و دابەشکردنی دادپەروەرانەی هاوکارییەکان و پێداویستییە سەرەکییەکان بەسەر گەڕەکەکان، گوندەکان و خەڵکانی کەمداهاتدا بەبێ هیچ جیاوازییەک. هەموو ئەمانەیش لە پێناو کارامەکردنی بەشی بوودجەدانان و هەروەها دروستکردنی متمانەی گشتیدا.
• لیژنەی پەیوەندییەکان و هەماهەنگیی نێوان شارەکان: ئەرکی ئەم لیژنەیە دروستکردنی پردی پەیوەندییە لەگەڵ شارەکانی تری کوردستاندا. لیژنەکە کار دەکات بۆ ئاڵوگۆڕی کەلوپەلی پێویست، دەرمان و سووتەمەنی. هەروەهابۆ یەکخستنی بڕیارە سیاسی و کارگێڕییەکان لە ئاستی هەموو ناوچەکەدا.
گرووپی یەکڕیزیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١٣-٣-٢٠٢٦.