"کایا کاڵاس"، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، ڕۆژی دووشەممە ٤ی ڕەشەمە، لە برۆکسل هۆشداری دا کە هەر شەڕێکی ئەگەری لەگەڵ ئێران مەودای بەرفراوان دەبێت و تەنیا لە یەک ناوچەدا سنووردار نابێت.
ناوبراو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: شەڕ لەگەڵ ئێران دەتوانێت هەموو ناوچەکە بگرێتەوە، پێویستمان بە شەڕێکی دیکە نییە لە ناوچەکەدا. کاڵاس جەختیشی لەوە کردەوە کە هێشتا کاتی ماوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە و پێویستە سوود لەم دەرفەتە وەربگیرێت.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لە ئەگەری کردەوەی سەربازی لە دژی ئێران کردووە ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن.
هاوكات ئێران هۆشداری لە دەرئەنجامەکانی هەر هێرشێک داوە. "کازم غەریب ئابادی"، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسی جنێڤ بۆ داماڵینی چەک وتی: دەرئەنجامەکانی هەر هێرشێک تەنیا لە یەک وڵاتدا سنووردار نابێت و بەرپرسیارێتیی لە ئەستۆی دەستپێشخەران یان پشتیوانانی ئەو هەوڵانەیە.