نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی دارایییە بیانییەکانی سەر بە وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، سێ نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوی ئێرانی و كۆمپانیاكانی سەر بەوان، وەک بەشێک لە هەوڵەکانی ئەم وەزارەتخانەیە بۆ پەکخستنی ڕێڕەوە دارایییەکانی ڕێژیمی ئێران، خرانە لیستی گەمارۆکانەوە.
ئەم نووسینگەیە دەڵێت نووسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی ئێرانی ساڵانە ئاسانکاری بۆ میلیاردها دۆلار مامەڵەی دراو دەکەن و لەبەر ئەوەی ئێران زۆربەی فرۆشی نەوتەکەی بە "یوانی چینی" ئەنجام دەدات، ئەم نووسینگانە ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە گۆڕینی داهاتە نەوتییەکان بۆ ئەو دراوانەی کە بۆ هێزەکانی ڕێژیمی ئێران و گرووپە بەوەكالەتەكانی بەکارهێنانیان ئاسانترە.
سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا، لە بەیاننامەیەکدا ئێرانی بە "سەری ماری تێرۆری جیهانی" ناو برد و ڕایگەیاند کە ئەم وەزارەتخانەیە لە چوارچێوەی فەرمانەکانی دۆناڵد ترامپدا، "بۆ بڕینی ڕێڕەوە دارایییەکانی هێزەکانی ئێران بە توندی کار دەکات ".