بەرەبەیانی سێشەممە، ٦ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی، سزای لەسێدارەدانی دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی «ئەمیرحسێن سەفەری» و «ئەبولفەزل سپاهی»، کە پێشتر بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٥ دەستبەسەر کرابوون، لە شاری ئیسفەهان جێبەجێ کرا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، حوکمەکە لە کاتی بانگی بەیانیدا و لە گۆڕەپانی «مەلەکشار»ی شاری ئیسفەهان، بە ئامادەبوونی خەڵک و بەشێوەی ئاشکرا جێبەجێ کراوە. هەردوو ئاژانسی هەواڵی «فارس» و «میزان»، سەر بە دەزگای دادوەریی ئێران، هەواڵی لەسێدارەدانی ناوبراوانیان پشتڕاست کردووەتەوە. ئەم لەسێدارەدانە لە کاتێکدا ئەنجام درا کە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ناوچەکە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەو بڕیارانە و هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی پڕۆسەی لەسێدارەدانەکە، لە دەوروبەری گۆڕەپانەکە کۆ ببوونەوە و دروشمی ناڕەزایەتییان دەوتەوە.
شایانی باسە، ئەم دوو هاووڵاتییە لەو کەسانە بوون کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی بەفرانباری ١٤٠٥دا دەستگیر کرابوون و دادگاکانی ئێران سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاندبوون. ئەمە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگەی مافی مرۆڤ و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە پەرەسەندنی لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران لە ئێران دەربڕیوە و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم سزایانەیان کردووە.