دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە درێژەی هەڵمەتی سەرکوتکاری و تۆڵەسەندنەوە لە خۆپیشاندەرانی مافویست، سزای قورسی لەسێدارەدان و بەندکرانی درێژخایەنی بەسەر ١٦ هاووڵاتیدا سەپاند کە بە دۆسییەی «مەیدانی شەهیدانی ئێسفەهان» ناسراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی هەواڵی «هێرانا» بڵاوی کردووەتەوە، لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئێسفەهان، هەریەک لە تەرانە ڕەحیمی، نەوید ئەلیاسی، ئەبوڵفەزڵ دادگوستەر، مێهدی مەنسووری، ئەحمەدڕەزا سەعیدی، مێهرداد بوئێری، محەممەدمێهدی ئەسەدی، ئارمین غوڵامی، پارسا جەعفەری و مێهدی جەعفەری (خەسرەوی)ی بە سزای لەسێدارەدان و ١١ ساڵ بەندکران مەحکووم کردووە.
هەروەها لە هەمان دۆسیەدا، شەش هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی ڕۆمینا ڕەحیمی، میلاد بوئێری، حامد مێهرعەلیان، ستایش ساعدی، سەجاد عابدین و عەلی بوئێری، بە تێكڕا سزای ١٤٦ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێنراوە. ئەم دۆسیەیە پەیوەستە بە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی لە شاری ئێسفەهان.
لە ڕووداوەکانی ئەو کاتەی مەیدانی شەهیدانی شارەکەدا، دوو کەس گیانیان لەدەست دا، کە یەکێکیان ئەندامی هێزەکانی سپای پاسداران بوو و ئەوی دیکەشیان وەک هاووڵاتییەکی بێلانە ناسێنرا.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەیە ڕووبەڕووی تۆمەتی «موحاربە لە ڕێگەی هەڵگرتنی چەکی سارد»، «تێکدانی سامانی گشتی»، «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ تێکدانی ئاسایش» و «چالاکیی پڕوپاگەندەیی دژی نیزام» کراونەتەوە، لەکاتێکدا لە ڕەوتی دانیشتنەکانی دادگادا هیچ بەڵگەیەکی متمانەپێکراو بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتانە نەخراوەتە ڕوو.
ئەم بڕیارە دادوەرییە لە کاتێکدایە کە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار، کە سەرەتا لە بازاڕی تارانەوە دەستی پێکرد و پاشان سەرانسەری ئێرانی گرتەوە، بە یەکێک لە فراوانترین بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی مێژووی هاوچەرخی ئەو وڵاتە دەژمێردرێت. دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ سەرکوتکردنی ئەو ناڕەزایەتییانە، هەڵمەتێکی بەرفراوانی کوشتن، بریندارکردن و دەستبەسەرکردنیان ئەنجام داوە، کە تێیدا هەزاران هاووڵاتی ڕووبەڕووی سزای توند و قورسی یاسایی بوونەتەوە.