سەرکەوتنی دیموکراتەکان لە هەڵبژاردنەکان و کۆنترۆڵ کردنی هەردوو ئەنجومەنی پیران و نوێنەران لە نوامبری ٢٠٢٦دا، وەرچەرخانێکی بنەڕەتی و ئیستراتیژی لە هاوکێشەی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێراندا دروست دەکات. ئەم ئەنجامە تەنیا شکستێکی ناوخۆیی نەبوو بۆ کۆمارییەکان، بەڵکو پەیامێکی ڕوونی دەنگدەری ئامریکایی بوو دژ بە تێچووی ئابووری و ئینسانی شەڕەکە.
کاردانەوەی ئێران: دەرفەت بۆ فشاری دیپلۆماسی
تاران شکستی کۆمارییەکان لە سینا و کۆنگرێس وەک سەرکەوتنێکی سیاسی بۆ خۆی و شکانی تیمی شەڕخواز لە واشینگتۆن دەبینێت. کاردانەوەی خێرای بەرپرسانی ئێران، بەتایبەت لێدوانەکەی “محمد باقر قالیباف” کە دەنگی خەڵکی ئەمریکای بە “نا بۆ شەڕ” وەسف کرد، ئاماژەی ئەوەیە کە ئێران دەیەوێت لە ڕووی میدیایی و دیپلۆماسییەوە کار لە سەر سیاسەت و کۆمەڵگای ئامریکا بکات. ئیستراتیژی ئێران لەم قۆناغەدا لەسەر دوو تەوەر دەبێت:
یەکەم، بەرزکردنەوەی ئاستی هەرەشە سەربازییەکانی، بۆ ڕاگرتنی ترامپ لە هەر سەرکێشییەکی نوێ.
دووەم، پێشکەشکردنی دەستپێشخەری نوێ دیپلۆماسی لە ڕێگەی نێوبژیوانە نێودەوڵەتییەکانەوە، بۆ ئەوەی دیموکراتەکان بخاتە ژێر بەرپرسیاریەتی یاساییەوە تا پێش بە بودجەی سەربازی شەڕەکە بگرن.
گۆڕانکاری لە ئیستراتیژدا: لە شەڕی تەیارەوە بۆ گەمارۆدانی یاسایی
بەدەستەوەگرتنی کۆنگرێس لەلایەن دیموکراتەکانەوە، سیاسەتی ئەمریکا لە بەرامبەر ئێراندا لە یەکگرتوویی و هێرشەوە بۆ ململانێیەکی ناوخۆیی سەخت دەگوازێتەوە. دیموکراتەکان کە پێشتر ڕەخنەیان لە گران بوونی نرخی سووتەمەنی و لێکەوتە ئابوورییەکانی شەڕ هەبوو، دڵنیا کار لە سەر ئەوە دەکەن کە شەڕەکە زیاتر پەرە نەسێنێت.
ئەوان هێزی یاسایی کۆنگرێس بەکاردێنن بۆ سنووردار کردنی بودجەی وەزارەتی بەرگری بۆ ئۆپەراسیۆنە گەورەکان، هەروەها دوور نییە لێکۆڵینەوە لە بڕیارە سەربازییەکانی پێشووی ترامپ بخەنە بەرنامەی کاری کۆنگرەوە. ئەمە وا دەکات ئیستراتیژی ئەمریکا لە هێرشی ڕاستەوخۆوە بگۆڕێت بۆ گەڕانەوەی ئارام بەرەو دیپلۆماسی یان لانیکەم سنووردار کردنی شەڕەکە.
ترامپ و سەرکێشی لەژێر سێبەری ڤیتۆدا:
سەرەڕای دانپێدانانی دۆناڵد ترامپ بەوە کە، شەڕەکە هۆکاری شکستی پارتەکەی بووە، بیرمان بێت کە گۆڕانی دەسەڵات لە کۆنگرێس نابێتە هۆی پاشەکشەی تەواوەتی ئەو. ترامپ وەک سەرۆک و فەرماندەی هێزە چەکدارەکان، هێشتا دەسەڵاتی زۆری هەیە بۆ بەڕێوەبردن و درێژەدانی شەڕ. بە ئەگەری زۆر ترامپ لەسەر سیاسەتی هێرش کردنی خۆی بەردەوام بێت و بەرانبەر هەر یاسایەکی کۆنگرێس کە بیەوێت دەستی ببەستێتەوە، مافی ڤیتۆ بەکاربهێنێت. ئەو هەوڵ دەدات نیشانی بدات کە پاشەکشە لە بەرامبەر ئێراندا نە تەنیا شکاندنی شکۆی ئەمریکایە، بەڵکو هاوپەیمانەکانی ئامریکاش لە ناوچەکەدا دەخاتە مەترسییەوە. بۆیە، ناچارە هەڵوێستی توندتر بێت بۆ ئەوە بتوانێت ئەو ماوە کە لە تەمەنی سەرۆکایەتی ماوەتەوە، کێشەی ئێران کە ئێستاکە لە پاڵ کێشەی ئابووریدا گرینگترین کەیسی چارەسەر نەکراون ، بەو جۆرە کە بەڵێنی داوە چارەسەر بکات.
بنبەستی سیاسی و زەلکاوی شەڕی بێ کۆتایی:
پێم وایە لە داهاتووی نزیکدا ناوچەکە ناچێتە ناو شەڕێکی گەورەترەوە، لە هەمانکاتدا ڕێکەوتن و سازانی ئێران و ئامریکاش، لە دۆخی دوای هەڵبژاردنەکانی ئامریکا و ئیسرائیل ئاستەمە. بەلاداخستنی پرسی ئێران بە ئەگەری زۆرەوە ڕووبەرووی ئاستەنگ دەبێتەوە. ترامپ بەهۆی فشاری دارایی و یاسایی کۆنگرێسەوە ناتوانێت شەڕەکە بەتەواوی یەکلا بکاتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە، ئێران ناتوانێت مەترسییەکانی سەرخۆیی بە تەواوی بڕەوێنێتەوە، ئەمانە لە پاڵ ئیسرائیلی دوای هەڵبژاردن، ئەنجامیان بریتی دەبێت لە درێژەکێشانی شەڕێکی ماندووکەر لە ڕێگەی هێرشی درۆنی، موشەکی و شەڕی پروکسییەکان لە ناوچەکەدا. لە دوای هەڵبژاردنەکانی سێ نوامبرەوە، لە واشنتۆن ململانێیەکی توندی دەستووری لە نێوان کۆشکی سپی و کۆنگرێسدا لەسەر دەسەڵاتەکانی شەڕ بەڕێوە دەچێت، ململانێیەک کە کاریگەری گەورەی دەبێت لە سەر ئەنجامەکانی شەڕی ئێران و زۆر هاوکێشەی دیکە.
رۆژهەڵات نیوز بەرپرسیار نییە لە ناوەرۆکەی بابەتەکە.