پێشەکی
ئەم هەزارەیە دەتوانێ بانگەشەی ئازادیی مرۆڤایەتی لە پەیامی پڕ لە کێشە و ئاڵۆزیی خۆیدا هەڵبگرێت. ئەمە ئەو قۆناغەیە کە نەتەوەی کورد، لەگەڵ خاوبوونەوەی سەهۆڵی ڕۆحیی ناوچە و نەتەوە چەقبەستووەکان، ئەزموون و قۆناغێکی تازە لە خەبات و گەشەی شارستانییانەی پڕ لە تەنگ و چەڵەمەی خۆی تاقی دەکاتەوە. ئیتر دیکتاتۆرە ملهوڕەکان وەک جاران ناتوانن درێژە بە دەسەڵاتی سەرکوتکارانەی خۆیان بدەن و نەتەوە و پێکهاتە بێماف و سەرکوتکراوەکانیش وەک جاران بێدەسەڵات نین.
دەنگی زەوتکراوی ستەملێکراوانی مێژووی ژیانی دیکتاتۆرەکان، ئەمڕۆ هەرایەکی جیهانیی ساز داوە و ئاستی گەشەی مافەکانی مرۆڤ بەو ڕادەیە گەیشتووە کە چیتر وەک دۆسیەیەکی ناوخۆیی وڵاتان سەیر ناکرێن. پشتیوانی لە دێمۆکراسیخوازی و بزووتنەوە نەتەوەیی، جەماوەری و مەدەنییە پشتگوێخراوەکان بەو ئاستە گەیشتووە کە پشتیوانیی سەربازییان بەپێی یاسا و ڕێسا ئەخلاقی و جیهانییەکان لێ دەکرێ.
ئەگەرچی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، کردەوە تیرۆریستییەکان و بەتایبەتی کوشتار و سەرکێشییەکانی ئێران، یاسا و ڕێسا جیهانییەکانیشی تووشی بێمتمانەیی کردووە و باوەڕی گەلانی زوڵملێکراوی بەرامبەر بە مافە گەردوونییەکانی مرۆڤ تووشی ڕامان و گومان کردووە. بەم پێیە،
کۆنفرانسی هەشتەم ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی زیاترمان پێ دەسپێرێ و وامان لێ دەکات کە خۆمان بۆ گۆڕانکاریی مەزن ئامادە بکەین.
پرسیاری سەرەکیمان لەخۆمان ئەوە بێت کە: چۆن بەرەوپیری دۆسیەی ڕزگاریی نیشتمانێکەوە جووڵە بکەین کە خەریکە زنجیرەکانی خۆی دەپسێنێ؟ نەتەوەیەک تازە شانبەشانی کۆمەڵە نەتەوەیەک لەدایک دەبێت کە کێشەی وەک ئێمەیان هەیە و داگریرکران بە سیستەمە پاوانخواز و داگیرکەرەکەیەوە، هەموومانی تووشی کارەساتێکی سیاسی، مێژوویی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کەلتووری کردووە؟
کێشەی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کێشەیەکی نەتەوەییە کە بە لابردنی کۆماری ئیسلامی و دەرکردنی لە خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆتایی نایەت؛ چونکە کێشەی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەبوونی سەروەریی سیاسی و نەتەوەییە.
ئەگەر داگیرکردنی کوردستان ئازادییەکانمانی زەوت کردووە، کەچی ئێمە وەکو ئەوان نین و لەپاش ئازادبوونی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش، هێشتا کێشەمان دەمێنێ.
دەبێ هەوڵ بدەین وەکو نەتەوە و وەک شوناسێکی جیاواز لە خۆیان قبووڵمان بکەن، دان بە سەروەرییەکانماندا بنێن و قەرەبووی زیانەکانی ڕابردوومان بۆ بکەنەوە.
هەوڵی "پارتی لیبراڵ دیمۆکراتی کوردستان" ئەوەیە کە شانبەشانی نەتەوەکانی تری ئێران لە دژی کۆماری ئیسلامی و عەقڵییەتی پاوانخواز خەبات بکات. هەم بە دیالۆگ و دانوستان لەگەڵ لایەنەکان و نەتەوەکانی تری ئێران سەروەرییەکانی خۆی بچەسپێنێ و لەگەڵیاندا ڕێک بکەوێت. کەواتە، کۆنفرانسی هەشتەمی پارتیمان بە ڕاسپاردەکانی خۆی، ئەرکەکانمان زیاتر و بەرپرسیارێتیمان قورستر دەکات و ئەمەش ئەو ڕاستییە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەردەخات کە پارتیمان دەتوانێ بەگوێرەی پڕۆژە و خزمەتەکانی، جێگای دڵنیایی و هیوای داهاتووی گەلێکی ستەملێکراو بێت.
بەشی یەكەم
بەرنامەی پارتی لیبراڵ دیمۆكراتی كوردستان.
فەسڵی یەکەم
"ئامانج و بەرنامەی هاوبەشمان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا"
"پارتی لیبڕاڵ دێمۆکراتی کوردستان"،بە لەبەرچاوگرتنی ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵگا و بەپێی هەلومەرجی سیاسیی وڵات، هەروەها بە هەوڵدان بۆ ڕەخساندنی دۆخێکی سیاسیی لەبار، کە هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە کاری بۆ کردووە، دەیەوێت گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیاندا ، بێ ئەوەی هیچ لایەن و تاقم و گرووپێک بتوانن بارودۆخەکە بە قازانجی خۆیان بەلاڕێدا ببەن کاریگەری و ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبێت.
ئەمە نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە «پارتی لیبڕاڵ دێمۆکراتی کوردستان» نایەوێت ئیرادەی مافخوازانەی گەلی کورد بکەوێتە ژێر ڕکێفی هیچ لایەنێکی دیکەوە.
بەڵکوو خوازیارە خەڵک لە کەشێکی ئارام و لەباردا، بڕیاری چارەنووسسازی خۆیان بدەن و ئەم پارتەش پشتیوانیی ڕای گشتی و خواستەکانی گەلی کوردستان دەبێت.
کاتێک وا بێت، ئەوا ڕەوتی سیاسیی وڵات و ئیرادەی خەڵک بڕیاری کۆتایی دەردەکات. ئێمەش پشتگیری لە بڕیاری ئازاد و سەربەستیی میللەتەکەمان دەکەین.
ئەگەر بۆ کێشەی نێوان گەلانی ئێران فۆرمێک پێشنیار بکەین، ئەوا خوازیاری دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین لە ڕیفراندۆمێکی ئازاددا بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانین؛ بۆ مانەوە یان نەمانەوە لە چوارچێوەی ئێرانێکی فێدراڵ ودیمۆکراتیک، بە مەرجی دابینکردنی مافەکانی گەلەکەمان ئەو کوردانەی نیشتەجێی پارێزگا دوورە دەستەکانی ئێرانن، کە بەهۆی سیاسەتی ڕاگواستنی زۆرەملێ و کۆچپێکردنیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی پێشووتری ئێرانەوە، زیانی مێژووییان لێکەوتووە. دەبێ ئەو زیانانە قەرەبوو بکرێنەوە و نوێنەری تایبەتیان لە دامودەزگاکانی حکوومەتدا بۆ دابنرێت، کە زمانحاڵی ئەوان و ئازارەکانیان بێت و چیتر وەک شارۆمەندی پلەدوو سەیر نەکرێن.
پێش ئەوەی کار بۆ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم بکرێت، پلانمان ئەوەیە جوگرافیای وڵاتەکەمان ساغ بکەینەوە. واتە ناوچە سەرڕاستەکان سەر بە هەرێمی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن و لەو هەرێمانەیشدا کە وەکوو خوراسان کوردی لێیە، ئێمە خوازیاری مافی خۆبەڕێوەبەری بۆ هاووڵاتییانی خۆمانین. هەروەها، دانی مافی خۆبەڕێوەبەری بە کەمایەتییەکانی نیشتەجێی کوردستانیش، مافێکی مرۆیی و دێمۆکراتیکی ئەوانە.
فەسڵی دووهەم
"بۆ مافی چارەی خۆنووسین"
ئەم چەمکە بریتییە لە چەشنە هاوپەیمانێتییەکی نێوان نەتەوەکان، قەوارە و لایەنەکان؛ کە تێیدا بە هیچ شێوەیەک هەژموونخوازیی مێژوویی و سازشکردنی نابەرپرسیارانە و نادێمۆکراتیک لە نێوان قەوارەکاندا نامێنێت. ئامانج ئەوەیە بە دوور لە پاوانخوازی و خۆسەپاندن، بە شێوەیەکی سەردەمیانە و دێمۆکراتیک، درێژە بە ژیانی سیاسیی خۆیان لە ئێران یان بە لە دەرەوەی ئێران بدەن.
ئەم شێوازە کە باس لە قەرەبووکردنەوەی زیانە مێژووییەکانی نەتەوەی باڵادەست و حوکمڕان دەکات، خوازیاری دابینبوونی بارودۆخێکی مەرجدار بە یاسایە؛ کە تێیدا نەتەوەی باڵادەست داوا لە نەتەوەکانی تر بکات لەگەڵیدا هاورێ و هاوپەیمان بن و قەرەبووی ڕابردووی ناسازیان بۆ بکاتەوە. بە واتایەکی تر، دوو مەرجی تازەی تێدایە: لایەنی براوەی یەکەمی هەڵبژاردن داوا دەکات لەگەڵیدا هاونیشتمان بن؛ نەتەوەی زیانلێکەوتووش قەرەبووکردنەوە وەردەگرێت و لە هەمان کاتیشدا لە مافەکانی خۆی دەست هەڵناگرێت.
تێبینی:
خەباتی ناسیۆنالیستیی هەڵبژاردەی حیزبی ئێمە جیاوازییەکی ڕیشەیی لەگەڵ خەباتی ڕابردووماندا هەیە.
ناسیۆنالیزمی ئێمە ناسیۆنالیزمێکی تەکنیکی و هونەرییە. بەو مانایەی ئێمە هێشتا لە قۆناغی یەکەمداین؛ قۆناغی دیاریکردن و یەکلاکردنەوەی سنوور، جوگرافیا و دەسەڵاتی نەتەوەییمان. لە قۆناغی یەکەمدا، داوای دابەزینی ناسیۆنالیزمی زاڵ و شۆڤینیزمی نەتەوەی باڵادەست لە هەڵوێستی دوژمنکارانەیان دەکەین؛ دەبێت دان بە سەروەریی ئێمە بەسەر خاک و نیشتمانماندا بنێن و بیر لە قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەش بکەنەوە کە لە ماوەی دەسەڵاتیاندا پێیان گەیاندووین.
وڵاتی لەتکراوی ئێمە، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خاوەنی خاک و زاراوە و ئایین و کەمەنەتەوەی جیاواز و ڕەنگینە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جگە لە کورد، ئازەری، ئاشووری، فارس و ئەرمەنییش دەژین. لە ناو خۆماندا زاراوەگەلێکی زۆر بە لق وپۆپی جیاوازەوە لە ڕووی زمانەوانییەوە گەشەیان کردووە؛ لوڕ، لەک، کەلهوڕ، گۆران، سۆرانی، هەورامانی، شکاک و زۆر لایەنی دیکە هەن، کە ڕەنگاڵەییبوونی نیشتمانەکەمان دەسەلمێنن.
کوردانی ئێمە لە ڕووی ئایینیشەوە یەکدەست نین. لە کوردستاندا ئایین ڕۆڵێکی کاریگەری تەنانەت لە شۆڕشدا هەبووە و چەندین ئایینی وەک: ئایینی کۆنی کوردان (زەردەشتی و یارسان/ئەهلی حەق)، ئایینی زۆرینەی کورد (ئیسلامی سوننە و شیعە)، مەسیحی و یەهوودی، ئەم دەڤەرەیان پڕ لە کەلتوور و تایبەتمەندیی خۆیان کردووە.
پێویستە ئیدانەی هەڵەکانی ڕابردوویان بکەن و سنوورێکی مەرجدار بە یاسا بۆ خۆیان دابنێن؛ یاسایەکی دێمۆکراتیک و ئینسانی کە لە پەرلەمانی داهاتوودا بۆ سەرخستنی ئامانجەکانی وڵات، بە پشتبەستن بە دەنگی متمانەی خەڵک و ڕاپرسی هاتبێتە بەرهەم و گرێ کوێرەکانمان بکاتەوە.
لەگەڵ دروستبوونی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەهێزبوونی نەتەوە و لایەنە بێدەسەڵاتەکان و گەشەی ململانێی سیاسیی دێمۆکراتیک و پلۆرال (فرەڕەهەند)، قۆناغی دووەم دەست پێ دەکات.
لە قۆناغی دووەمدا، قۆناغی کاڵبوونەوەی ناکۆکییەکان و چارەسەربوونی کێشە دێرینەکانە؛ لێرەدا باسکردن لە کێشەی میللی جێگەی خۆی دەدات بە ململانێی پێشبڕکێی نەتەوەکان. لەم قۆناغەدا واتای سیاسیی نەتەوەکان (کورد، فارس، بەلووچ، ئازەری، تورکمان، عەرەب، ئاشووری، ئەرمەنی و جولەکە و...) دەگۆڕێت. بارودۆخێکی شارستانییانە باڵ بەسەر ململانێکاندا دەکێشێت.
ئێمە لەم قۆناغەدا، لەگەڵ ڕاگرتنی سنوور و تایبەتمەندییە نەتەوەییەکانمان وەکو کورد، بە شێوەیەکی ئینسانییانە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا مامەڵە دەکەین. ئیتر بارودۆخەکە بۆ ناسیۆنالیزمی مەدەنی دەگۆڕێت و ململانێیەکی شارستانییانە دروست دەبێت؛ شارستانییەتێک کە بەرەو ئیمپراتووریایەکی ئینسانی و دێمۆکراتیک هەنگاو دەنێت. ئەوەی باس لە قەرەبووکردنەوەی ڕەگەزە زیانلێکەوتووەکان دەکەین، بەو مانایەیە کە لە سەردەمی مۆدێرندا باڵادەستەکان بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان و سەرکوتکردنی تەنگژە دەروونییەکانیان، هێندێ مافیان بە ژێردەستەکان دەدا و لە هێندێکی دیکە خۆیان دەبوارد. بۆ نموونە، کێشەی پێکهاتەکان لە سەردەمی مۆدێرندا، جیاوازیدانان لە نێوان نەتەوەکان و "براگەورەیی" و سەپاندنی مافی زیاتر بۆ قەوارەی ستەمکار بوو. جیابوونەوەی سوێد و نەرویج و هەروەها سلۆڤاکیا و چیک، بەشێک لەو گرفتانەی بەڕێوەبەریی وڵات لە سەردەمی مۆدێرن و عەقڵییەتی کۆن بوون. لە سەردەمی ئێستادا کە بە سەردەمی جیهانیبوون و پاشمۆدێرن ناسراوە، فۆرمی ژیان و بەڕێوەبەری گۆڕاوە. ئێمە بۆ یەکەمجار خوازیاری ئەوەین، پێش ئەوەی نەتەوە دەسەڵاتدارەکان، نەتەوە بێدەسەڵاتەکان بە ناووناتۆرەی وەک "جوداییخواز"، "ئاژاوەگێڕ" و هتد تاوانبار بکەن، بە دیدێکی ڕەخنەگرانە و ئینسانییەوە، وەکو لایەنی دەسەڵاتدار چاو بە ڕابردووی خۆیاندا بخشێنن. چونکە ڕابردوویەکی کارەساتبار و تەماوییان هەیە و دەبێت بۆ گێڕانەوەی متمانەی قەوارەکانی دیکە، هەوڵێکی بەردەوام بدەن.
فەسڵی سێهەم
بەرنامەی ئێمە بۆ داهاتوو
رێباز و پلانی سیاسیی ئێمە لە چوارچێوەی "لیبرالیزمێكی ئینسانی" دا دەسوورێتەوە.
لە ئاسۆی دوورمەودای سیاسیی کوردستاندا، دەخوازین دەسەڵاتێکی تەواو دێموکراتیکمان هەبێت و هەڵبژاردنی ئەم ڕێبازە وەک ئامانجێک بۆ سازکردنی داهاتوویەکی پڕ لە بەختەوەرییە. ئەم ئازادیخوازییە کوردستانییانەی ئێمە، جیاوازە لە ئازادیخوازیی ڕۆژئاوایی. بەو مانایەی دەتوانین دنیایەک بۆ خۆمان بخوڵقێنین کە تێیدا هیچ کام لە هەڵەکانی ڕابردووی ئایدیا و فەلسەفەی لیبراڵی ڕۆژئاوا دووبارە نەکەینەوە؛ بەڵکو بە سوودوەرگرتن لە دەسکەوتە زانستییەکانیان، تێبکۆشین بۆ ئەوەی کەرامەتی خۆمان لە داگیرکەر بستێنینەوە.
بنەماکانی ئازادیخوازیی ڕۆژئاوایی -واتە ئەو ئازادیخوازییەی سەرمایەداریی بەرهەم هێناوە- کە لەسەر دوو چەمکی «قازانجخوازی» و «سوودگەرایی» لە ئابووریدا و "ئازادکردنی بێسنوور و سەرکوتکردنی هەستەکان" (کە خۆی لە ئابووریی "لیبیدۆ"یی "فڕۆید"یدا دەبینێتەوە و سروشتی مرۆڤ و ئازادی و کەرامەتی ئینسانی وەک ئامرازێکی ئابووری بەکار دەهێنێت) دامەزراوە، ئێستا لە خودی کۆمەڵگای ڕۆژئاواشدا کەوتووەتە بەر ڕەخنە و خەریکی پێداچوونەوەی بۆن.
لە ڕاستیدا «بەرژەوەندیخوازی» بووە هۆی ئەوەی کلتووری داگیرکاری دروست ببێت و مرۆڤ و ئامانجە مرۆییەکان پشتگوێ بخرێن. ئامانجە سەرەکییەکانی ئازادیخوازی کە خۆی لە یەکسانیی تاکەکان لە بەرامبەر یاسا و کۆمەڵگادا دەبینییەوە، گۆڕا بۆ هەژموونخوازیی تاکە بەهێزەکان و بەم شێوەیە توانییان کەرامەتی مرۆڤ بۆ قازانجی خۆیان هەڕاج بکەن.
نەتەوەیەک کە ئازادیخواز بووە و هەوڵی خۆدەربازکردنی لە ژێر ڕکێفی داگیرکاران داوە، دەتوانێت لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئازادیخوازی بۆ ئاوەدانکردنەوەی نیشتمان و بە بنەماگرتنی «پاراستنی کەرامەتی تاکەکان و گەشەی سروشتیی کۆمەڵگا بەپێی نیازە بنەڕەتییەکانی مرۆڤی کورد» کەڵک وەربگرێت؛ نەک کەرامەتی مرۆڤ بۆ دابینکردنی بەرژەوەندیی تایبەت بەکار بهێنرێت. بە واتایەکی دیکە، مرۆڤگەراییی کوردی، جیاوازیی زۆری لەگەڵ مرۆڤگەراییی ڕۆژئاواییدا دەبێت. نەتەوەیەکی ژێردەستە چەمکی ئازادیخوازی بە شێوازێکی دیکە بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەی کەسایەتیی خۆی و تاکەکانی پێ بنیات بنێتەوە.
کەواتە ئازادیخوازیی مرۆڤگەرایانە لەگەڵ ئازادیخوازیی «قازانجتەوەر» جیاوازیی دەبێت. ئەوان نەتەوایەتییەکی هەژموونگەریان بە ئازادیخوازییەوە چەسپاند، بەڵام کورد دەیەوێت نەتەوایەتییەکی دێموکراتیک و کەرامەتپارێز دابمەزرێنێت.
لە ئاسۆی نەتەوەییی خۆیدا، کورد دەیەوێت خەونە مێژوویییەکان و ناسنامەی خۆی لەگەڵ پێداویستییە تازەکاندا گرێ بدات و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وڵاتێکی دێموکراتیک بهێنێتەدی، کە تێیدا مرۆڤدۆستی و یەکسانیی جێگەی پێوانەی هەڵسەنگاندن بگرێت. واتە سیاسەتی «بردنەوە-بردنەوە» بە بنەما بگرێت. بە کورتی، پلانی «قەرەبووخوازیی مێژوویی» لە بوارەکانی خوارەوەدا درێژە بە کار و چالاکییەکانی دەدات:
١- مافەکانی مرۆڤ.
٢-مافی نەتەوە و قەوارە فەوتاو و زیانلێکەوتووەکان.
٣- ئابووری، بازاڕ و پیشەسازی.
٤-کلتوور، زمان و چالاکییە پەیوەندیدارەکان.
٥-دەروونناسیی تاک و کۆمەڵگا زیانلێکەوتووەکان.
فەسڵی چوارەم
رۆژهەڵاتی کوردستان
ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەرێمێکی جوگرافیاییی پان وبەرین، خاوەن وزە و هێزی مرۆییی کارامە و بەپێزە، کە بە پشتبەستن بە «شەرەفنامە»ـی بەتلیسی، لە باشووری ڕووباری ئاراسەوە تا کەنداو و ناوچەی ئەهواز درێژ دەبێتەوە. ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە حەوت پارێزگای سەرەکی و ناوچە کوردنشینە پەرتەوازەکان (وەک پارێزگای هەمەدان) و کوردانی دابڕاو لە یەکتر پێک دێت، کە لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی ئێران و ناوچە ناوەندییەکاندا نیشتەجێن. ئەو حەوت پارێزگایە بریتین لە: ١. کۆهگیلوویە و بۆیەرئەحمەد، ٢. چوارمەحاڵ و بەختیاری، ٣. ئیلام، ٤. لوڕستان، ٥. کرماشان، ٦. کوردستان، ٧. ورمێ. هەروەها لە هەندێک پارێزگای دیکە وەک هەمەدان و ئەراک، لە ڕووی جوگرافیایییەوە کێشەی ناسنامەییمان هەیە. جوگرافیای شێواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستی بە ساغکردنەوە و پشتڕاستکردنەوەیەکی بەڵگەنامەییی بەهێز هەیە، تا بتوانین بە پێی ئەو بەڵگانە، ئەو ناوچانەی دوای هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی پەهلەوی بەهۆی دەستکاریکردنی دابەشکارییە کارگێڕییەکانەوە لە خاکی کوردستان دابڕێنراون، بۆ باوەشی نیشتمانەکەمان بگێڕینەوە. دیارە بێجگە لە ویست و داخوازیی دانیشتووانی ناوچەکان و لەبەرچاوگرتنی هۆکارە ئابووری و جوگرافیایییەکان، دەبێت ڕووناکبیری و هۆشیاریی زۆریش (وەک ئەرکی سەرشانی ڕۆشنبیران و هێزە سیاسییەکانمان) بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بەشانە و گێڕانەوەی ناسنامەی ڕاستەقینە بۆ گەلەکەمان ئەنجام بدەین. بەهۆی سیاسەتە شۆڤێنیستییەکانی دەسەڵاتدارانی ناوەند، ناسنامەی نەتەوەییی بەشێک لە خەڵکەکەمان لێ ئەستێندراوەتەوە؛ ئەمەش پێویستی بە وەگەڕخستنی توانایەکی ڕێکخراوەییی بەرفراوان هەیە تا تاکەکانی کۆمەڵگا جارێکی دیکە بە شێوەیەکی زانستی لە خۆیان بناسێنەوە؛ کە ئەوان خاوەنی مێژوو، کلتوور، خەون، مۆسیقا، دابونەریت و زمانی هاوبەشن. ئەم ناسنامە هاوبەشە و هەستکردن بە هاوخەباتی، دەتوانێت ڕزگاریمان لە ژێردەستەیی خێراتر بۆ مسۆگەر بکات. تێبینی: لێرەدا پێویستە بگوترێت، بێجگە لەوەی ئێمە خاکی کوردستان بە نیشتمانی خۆمان دەزانین و هاوخەباتیی هێزەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان بە پێویست و ڕەوا دەبینین، هەوڵدان بۆ یارمەتیدان و دروستکردنی هێزێکی گەورەی کوردستانی (لە چوارچێوەی کۆنفیدراسیۆنێکی بەرفراواندا) بە ئەرکێکی لەپێشینە دەزانین. ئێمە وەک هێزی یارمەتیدەری کوردانی پارچەکانی دیکە لە کاتە هەستیارەکاندا ڕۆڵ دەگێڕین و هاوکاریی هەموو هێزە کارامە، نیشتمانپەروەر و دیموکراسیخوازەکان قبووڵ دەکەین. ئەمە تاکە ڕێگەی سەرکەوتنی گەلی کوردە؛ لە جیاتی ئەوەی بەبێ یەکێتیی ڕیزەکانمان بیر لە دروستکردنی هاوپەیمانی لە دەرەوەی سنوورەکان بکەینەوە، با بۆ جارێکیش بێت، بەتەواوی پشت بە هێزی خۆمان ببەستین.
"بەشی دووهەم"
بەرنامەی ئیمە بۆ بەڕێوەبردنی وڵات
فەسڵی یەکەم
لە داهاتوودا و پاش نەمانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری و هاتنەئارای دۆخێکی دیموکراتیک و ئازاد، حکوومەتی ئێران دوو شێوازی بەڕێوەبەریی دەبێت:
"قۆناغی پێش ڕیفراندۆم"
١. شێوازی ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی گشتی
لەم شێوازەدا دەسەڵات بە شێوەی هاوبەش لە نێوان هەموو قەوارەکاندا دابەش دەبێت:
* مەرجی یەکەمی سەرکەوتنی مۆدێلی «لامەرکەزی و فرەپێکهاتە» بۆ وڵاتێکی وەک ئێران، کە تا ئێستا لەسەر شێوازێکی ستەمکارانە بەردەوامیی بە دەسەڵاتداریی خۆی داوە، پاراستنی مافی هاووڵاتییانی هەرێمەکان، جگە لە نەتەوەی باڵادەست، هەروەها سڕینەوەی ئاسەواری خراپی ڕابردوو و داڕشتنەوەی متمانە بە یاسا و ڕێساکانی وڵاتە.
* ڕێژەیەکی تایبەت بۆ دەنگدان دادەنرێت و خەڵک نوێنەری خۆیان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دەستنیشان دەکەن.
* هەموو نەتەوە و قەوارە ڕەسەنەکان دەبێت مافی ڤیتۆیان هەبێت، تا لە کاتە هەستیارەکاندا کە بەرەوڕووی مەترسی دەبنەوە، کەڵکی لێ وەربگرن.
* دەبێت مافی قەرەبووکردنەوەی ئەو قەوارە و ڕەگەزانەی لە ڕەوتی پێشکەوتنەکاندا لەوانی دیکە دواکەوتوون، بە پێی یاسا دابین بکرێت.
* یەکەمین ئەرکی ئەنجومەنی نوێنەران، دیاریکردنی سنووری جوگرافیاییی قەوارەکانە.
* مافی جیابوونەوەی دیموکراتیک و بێ ئەملاوئەولا بۆ هەموو قەوارەیەک دەبێت لە دەستووردا بچەسپێنرێت.
* سەرۆکایەتییەکانی وڵات دەبێت بە پێی ڕەزامەندیی هەموو لایەنەکان دیاری بکرێن.
* سوپا مافی دەستێوەردانی لە حکوومەتی هەرێمەکاندا نییە.
* ناوچەکان دەتوانن لە ئاستێکی دیاریکراودا، ڕێککەوتنامەی تایبەت بە خۆیان لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە ببەستن.
* زمان و دراوی هاوبەش نابێت تەنیا سمبولی یەکەیەک یان قەوارەیەکی تایبەت بێت؛ بەڵکو دەبێت چەندین زمان و سمبولی فەرمی لە وڵاتدا هەبێت.
٢. شێوازی ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی ناوچەیی
شێوازی بەڕێوەبردنی «حکوومەتی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان» لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی پاراستنی مافی قەوارەکان، مافی دەنگی ئازادانەی خەڵک و نەهێشتنی کلتووری جیاوازیدانان لە نێوان تاک و قەوارەکانە.
* حکوومەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، حکوومەتێکی دیموکراتیکی فرەلایەنی گشتگیرە کە هەموو پێکهاتە جۆراوجۆرە نەتەوەیی و ئایینییەکان و هەموو کەمایەتییەکانی نیشتەجێی خاکی کوردستان لە دەسەڵاتدا بەشدار دەکات و مافی هەموویان دەپارێزێت.
* حکوومەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نوێنەری کاتیی خەڵکی کوردستانە، بۆ بڕیاری خەڵک ڕێز دادەنێت و مافی دەستدرێژی بۆ سەر یاسا و مافی تاک و قەوارە جیاوازەکانی نییە.
* دەسەڵاتی گەورە لە حکوومەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا لە دەستی خەڵک، سەندیکا، گرووپ و لایەنە مەدەنییەکاندا دەبێت. بۆ ئەوەی حکوومەت نەتوانێت سەرەڕۆیی بکات، دەبێت کۆمەڵی مەدەنی و ڕێکخراوەکان مۆڵەتی یاسایییان هەبێت لە بەرامبەر حکوومەتدا هەڵوێست بگرن و حکوومەت نەتوانێت سەرکوتیان بکات. حکوومەت دەبێت وەڵامدەرەوەی ویست و داخوازییەکانیان بێت و بە چاوی ڕێزەوە لێیان بڕوانێت.
* پێویستە دەسەڵاتەکانی دادوەری، یاسادانان و جێبەجێکردن سەربەخۆ بن و هێزەکانی سوپا و پۆلیس مافی سەرکوتکردن و پێشێلکردنی ئیرادە و ئامانجەکانی هاووڵاتییانیان نەبێت.
* سەرۆکی هەرێم بە دەنگدانی ئازاد و سەربەخۆ هەڵدەبژێردرێت. سەرۆکی هەرێم لە ڕاستیدا دەبێت سیمای ئیرادەی ڕێکخەری پێکهاتەکان و کەسایەتیی نەتەوەیی بێت.
* پەرلەمانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دەنگی ئازادی خەڵک هەڵدەبژێردرێت، ئەرکی چاودێریی دەسەڵات، دیاریکردنی یاساکان و چاودێریی جێبەجێکردنیانە.
* پەرلەمانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرۆکی حکوومەت و هەرێمی کوردستان دیاری دەکات و ئەویش کابینەکەی بۆ وەرگرتنی دەنگی متمانە دەباتە پەرلەمان.
* دوو لەسەر سێی دەنگەکانی پەرلەمان دەتوانێت متمانە لە سەرۆکایەتییەکانی هەرێم وەربگرێتەوە و پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە.
* مافی ڕاپرسیی جەماوەری (ڕیفراندۆم) لە شێوەی هەڵبژاردنی گشتیدا و لە پرسە چارەنووسسازەکاندا، دەبێت بدرێت بە دانیشتووانی خاکی کوردستان
قۆناغی دوای ڕیفراندۆم"
لە پاش ئەوەی ڕیفراندۆمێکی گشتی ئەنجام دەدرێت، گەلی کوردستان شانبەشانی نەتەوە و کەمایەتییەکانی دیکە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی دەدات؛ بڕیار دەدات کە وەک شوناسێکی سەربەخۆ کار بکات، یاخود لە چوارچێوەی ئێرانێکی دیموکراتدا، درێژە بە ژیانی سیاسیی هاوبەشی خۆی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەدا بدات.
بەشی سێهەم
پڕەنسیپەكانی حیزبی ئێمە:
١- تاک: تاک بنەما و بڕبڕەی پشتی کۆمەڵگەیە. تاکێکی تەندروست و بەختەوەر، بنیاتنەری عەقڵێکی ساغ و ڕێکخەری کۆمەڵگەیەکی ئاسوودەیە. ئێمە لەو باوەڕەداین کە لە کۆمەڵگەیەکی تەندروستدا، تاک ئازادە لە جیاوازییەکانی خۆی، کەچی لە کۆمەڵگەیەکی نەخۆشدا، تاک خاوەنی ناسنامە و کەسایەتیی خۆی نییە، بەڵکو بۆی دەستنیشان دەکرێت. بە واتایەکی دیکە، لەژێر کاریگەریی ڕەوتی دەقکردن و لەقاڵبدانی تاکەکاندا -بە مەبەستی دروستکردنی سوپایەکی گوێڕایەڵ کە هیچ ئیرادە و توانایەکی بڕیاردانی لە خۆیدا نەبێت- تاک دەهاڕدرێت. ئەرکی سەرشانی پارتی ئێمە، ناساندنەوەی تاکە بە مافە ڕاستەقینەکانی خۆی، بە دوور لە قاڵبگرتن و کۆت و بەندکردنی. لە ڕاستیدا شێواندنی خەباتی ئێمە لە تێکدانی کەسایەتیی تاکەوە دەستی پێ کردووە، بۆیە بۆ زیندووکردنەوەی شۆڕشی کورد، دەبێ لە هەستانەوە و هۆشیارکردنەوەی تاکەکانەوە دەست پێ بکەین.
٢-ئاسایشی تاک دڵنیایی بۆ ماف و ژیانی تاکەکانی نێو کۆمەڵگە، ڕێکخراو و دەزگاکانی سەر بەو کۆمەڵگەیە، مافی هەر مرۆڤێکی نیشتەجێی خاکی کوردستانە، بەبێ جیاوازیدانان.
٣- فرەیی (پلۆرالیزم): پێداگری لەسەر کۆمەڵگەیەکی فرەپێکهاتە و فرەلایەن، ئامانجێکی سەردەمیانەی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانە. ئەگەر بەبێ دەمارگیری سەیری پێکهاتەی کۆمەڵگە بکەین، دەبینین کۆمەڵگە پێکدێت لە توێژ و ڕەگەزی جیاواز کە دەتوانین بە «کەمینە-زۆرەکان» ناویان ببەین. هەر بۆیە ئێمە پشتیوانیی فرەیی سیاسی دەکەین. هیچ ئایدۆلۆژیایەکی داپڵۆسێنەر جێی باوەڕی ئێمە نییە؛ هەر دەستێوەردانێک لە مافی تاکەکان، هەر پێشێلکارییەک لە ئازادیی دەربڕین و ڕاگەیاندن، و هەر هەوڵێک بۆ قۆرخکردنی دەرفەتەکان لەپێناو بەرژەوەندیی کەسی و دەسەڵاتخوازانە، دژی ئامانجە ئینسانییەکانی ئێمەیە. ئێمە خوازیاری هاوپەیمانێتی لەگەڵ هێزێک نین کە بە گەیشتن بە دەسەڵات، دەبێتە مایەی ئازاری هاووڵاتییان و ئازادی لە دەست گەل دەردێنێت.
٤- چاکسازیی ئایینی: هێزی لیبراڵی کوردستان لە پلاتفۆرمی خۆیدا چاکسازیی ئایینی گونجاندووە. ئێمە خوازیارین بۆ ئەوەی هیچ لایەنێک ئایین بۆ مەبەستی سیاسی بەکار نەهێنێت، نابێ ئایین وەکو سەرچاوەی یاسادانان لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەدا دەستنیشان بکرێت. ئایین بۆ تاکە و دەسەڵات بۆ هەمووان.
٥- گەشەپێدانی ئابووری: کۆمەڵگەی کوردستان لە ڕووی پیشەسازییەوە گەشەی نەکردووە و لە ڕووی بازاڕیشەوە لە ئاستێکی نزمدایە. ئامانجێکی گەورەی ئێمە، گەشەپێدانی پیشەسازی و دروستکردنی بازاڕێکی ئازادی ناوچەیی و جیهانییە. کوردستان وەک ڕێڕەوێکی سەرەکیی نێوان ئاسیا و ئەورووپا، خاوەن هەلی گەورەیە و دەبێ لەو بەهرە سروشتییانە بۆ گەشەپێدانی وڵاتەکەمان کەڵک وەربگرین.
٦-یەکێتیی نەتەوەیی: پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی و پاراستنی سیمای شارستانی و کلتووریی کورد لە چوارچێوەی ناسیۆنالیزمێکی دیموکراتیکدا، لە ئامانجە سەرەکییەکانمانە. دەبێ ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆمان لەناو گەلانی جیهاندا بنیات بنێینەوە.
٧- کۆمەڵگەی مەدەنی: یەکێک لە ئامانجەکانی لیبرالیزمی کوردی، چالاککردنی هێزی ناوەکیی کۆمەڵگە واتە ڕێکخراوە مەدەنییەکانە. ئەمەش ڕۆڵێکی گرنگ لە سنووردارکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و برەودان بە کلتووری دیموکراتی دەگێڕێت. ئێمە ئەمە بە «شۆڕشی کۆمەڵایەتی» دەزانین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە نەبینەوە قوربانیی پاوانخوازیی دەستەیەک و خۆمان بە ئازادی خاوەندارێتیی سەروەرییەکانی خۆمان بکەین.
٨- موڵکداریی تایبەت: بوونی مافی موڵکداریی تایبەت، گەشە بە کەرتی ئابووری و پیشەسازی دەدات. ئێمە بۆ بنیاتنانی ئابوورییەکی سەربەخۆ، پشتگیریی تەواوی کەرتی تایبەت و سەرمایەی خۆماڵی و دەرەکی دەکەین.
٩-سەروەریی یاسا: لە داهاتوودا ئێمە پابەندی تەواو بۆ باڵادەستیی یاسا و یەکسانیی هەموو تاکێکی وڵاتەکەمان لە بەرامبەر یاسادا ڕادەگەیەنین.
١٠- مافی هاووڵاتیبوون: مافی هاووڵاتیبوون یەکێکە لە مافە شارستانییە سەرەتاییەکان و دەبێ هەر کەسێک لە کوردستان نیشتەجێیە، بێبەش نەبێت لەم مافە دیموکراتییە.
١١- یەکسانی: یەکسانیی نەتەوەیی، ئایینی، ئابووری و یەکسانی لە هەلی بەردەم تاکەکان، مافێکی دیموکراتییە و ئێمە بە هەموو شێوەیەک پەرەی پێ دەدەین.
١٢- مافی هاووڵاتیی جیهانی: ئێمە وەک وڵاتێکی خاوەن مێژوو، کار دەکەین بۆ ئەوەی مافی هاووڵاتیی جیهانی بۆ خەڵکەکەمان مسۆگەر بکەین، کە مافێکی سەرەتاییە بۆ هەموو قەوارەیەکی مرۆیی لەسەر گۆی زەوی.
١٣- لۆبیی نەتەوەیی: بە مەبەستی بەرگریکردن لە مافەکانی کورد، ئامانجمانە هێز و دەسەڵاتێکی گەورە دروست بکەین تا بتوانین لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لۆبییەکی کاریگەر بۆ دۆزی کورد پێک بێنین.
١٤- مافی مرۆڤ و ژنان: کێشەی ڕەگەزەکان و کێشەی ژنی کورد لە ناخی یاساکاندا، تەنیا بە یاسا و پەروەردەی دروست چارەسەر دەکرێت. ئێمە پێمان وایە «یاسای قەرەبووکردنەوەی جیاوازییەکان» دەبێ ببێتە هێڵێکی سووری یاسایی لە کوردستان، چونکە خودی کوردیش بە هۆی زوڵمی مێژووییەوە پێویستی بە قەرەبووکردنەوە هەیە.
"بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، ئێمە پێمان وایە "یاسای قەرەبووکردنەوەی ڕەگەزە جیاوازەکان" دەبێ ببێتە یاسایەکی مرۆیی و بە هیچ شێوەیەک دەستکاری نەکرێت؛ واتە دەبێ ببێتە یەکێک لە هێڵە سوورەکانی یاسای کوردستان. چونکە کوردیش لە ڕاستیدا بەشێکە لەو قەوارە و ڕەگەزە جیاوازانە، کە پێویستە بەهۆی ئەو زیانە مێژووییەی بەریکەوتووە، قەرەبوو بکرێتەوە."
بەشی دووهەم
"ئامانجی پەیوەندییە کوردستانی و نێونەتەوەیییەکان"
١- بۆ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هێزە تێکۆشەر و نەتەوەیییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خوازیاری پێکهێنانی «بەرەی یەکگرتووی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان»ـین، لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە نەتەوەیییەکانی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
٢- بۆ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هێزەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان، خوازیاری بەستنی کۆنگرەیەکی نەتەوەییی مەعنەوین کە بتوانێت دەنگی هەموو کورد لە ناوخۆیدا، بەبێ پشتگوێخستنی هیچ لایەنێک، یەک بخات.
٣- بۆ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێراندا کە (غەیری فارس)ـن، خوازیاری دروستکردنی یەکێتییەکی پتەوی نەتەوە و قەوارە نەتەوەی نەتەوەکانی ئێرانین.
٤- بۆ پەیوەندیمان لەگەڵ دەسەڵاتداران و نەتەوە و هێزەکانی دیکە، خوازیاری ئەوەین قەرەبووی زیانە مێژووییەکانمان بۆ بکەنەوە و دان بە سەروەریی ئێمەدا، وەک شوناسێکی جیاواز لە خۆیان بنێن.
٥- پەیوەندییە جیهانییەکانمان بەم ئامانجانەی خوارەوە و لەگەڵ ئەم لایەنانەدا درێژە پێ دەدەین:
أ. دروستکردنی لۆبییەکی جیهانی بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژیی لایەنەکانی دژبەری مافەکانمان.
ب. ناساندنەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی قەرەبووخواز و زیانلێکەوتوو بە ڕای گشتیی جیهان و ناوەندە نێونەتەوەیییەکان. ئەم لایەنانەش دەبێ وەک پاڵپشت، پەیوەندییان لەگەڵ بگیرێت:
١- وڵاتانی ڕۆژئاوایی و دژبەری کۆماری ئیسلامی، وەک یەکێتیی ئەورووپا.
٢- وڵاتانی ئیسلامیی دژی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی، بێجگە لە داگیرکارانی کوردستان.
٣- وڵاتان و نەتەوەکانی دۆستی کورد کە لە ڕۆژانی تەنگانەدا هاوکارییان کردووین.
بەشی دووەم
"پەیڕەوی نێوخۆی پارتی لیبڕاڵ دێمۆکڕاتی کوردستان"
مادەی یەکەم:
"ناسنامەی حیزب"
١- ناوی پارتەکەمان «پارتی لیبڕاڵ دێمۆکڕاتی کوردستان»ـە.
بە ئینگلیزی: Kurdistan Liberal Democratic Party کورتکراوە: (PLDK)
٢- پارتی لیبڕاڵ دێمۆکڕاتی کوردستان، پارتێکی سەربەخۆخوازە کە بۆ هێشتنەوەی سەروەریی سیاسی، نەتەوەیی و ئازادیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەبات دەکات.
٣- ئەم پارتە هەموو تاکە خەباتکار و نیشتمانپەروەرێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕیزەکانی خۆیدا کۆ دەکاتەوە و لە هەموو گۆڕەپانەکانی خەباتدا هەوڵ دەدات، بۆ ئەوەی ڕێگاچارەیەکی گونجاوتر و خێراتر بۆ ڕزگاریی نەتەوەی کورد (لە ژێر گوشار و مەترسیی کۆماری ئیسلامی) بدۆزێتەوە.
٤- ئەم پارتە، پارتێکە لەسەر بنەمای لیبڕاڵیزم، پێشکەوتنخوازی و بیروبۆچوونە ئازادیخوازەکانی کوردستان کە لە پێناوی بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریی کۆمەڵگا و لابردنی ترس لە خۆدەرخستنی ئەو تاکانەی دەیانهەوێ پڕۆژەکانیان لە مەیدانە ڕەخساوەکاندا پەرە پێ بدەن، هەنگاوی گەورە و پڕمتمانە هەڵدەگرێت.
٥- پارتیمان لایەنێکی سێکۆلاری پلۆرالیستە.
یەکێک لە ئامانجە گەورەکانی ئەم پارتە، ڕێگانەدانە بە کەڵکوەرگرتنی تاقمە پاوانخوازەکانی وەک کۆماری ئیسلامی؛ کە دەیانهەوێ پیرۆزییەکانی کۆمەڵگا وەک سپەرێک بۆ خۆشاردنەوە بەکار بێنن و بە دەرچوون لە یاسا مرۆییەکان، ئامرازکردنی ئەو پیرۆزییانە و شکاندنی ڕۆحی نەتەوەیی کورد، بە لوتکەی دەسەڵات بگەن.
لە ڕاستیدا گەڕاندنەوەی ڕێز بۆ پیرۆزییەکانی کۆمەڵگا، تەنیا ڕێگاچارەی سێکۆلاریستیی ئەم پارتەیە کە وەک پێشنیارێک پێشکەش بە کۆمەڵگای کوردستانی دەکات، تاکو ڕێگا نەدەن لە سیاسەتدا کەڵکیان لێ وەربگرن.
ماددەی دووەم
ئەندامێتی لە حیزبدا:
هەر دانیشتوویەکی خاکی کوردستان (بە تایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان) دەتوانێت ببێتە ئەندامی ئەم حیزبە، بە مەرجێک:
١- تەمەنی گەیشتبێتە ١٨ ساڵ (تەمەنی یاسایی بۆ ئەندامێتی).
٢- بەرنامە و پەیڕەوی نێوخۆی حیزب پەسەند بکات. ٣. کەسایەتییەکی خۆشناو، خاوەن هەڵوێست و ئازادیخواز بێت.
٤- ئامادەیی ئەوەی تێدا بێت لە کاتە هەستیارەکاندا، بۆ نیشتمانەکەی خۆبەخشانە تێ بکۆشێت و گیانفیدایی بنوێنێت.
٥- ئەو هاونیشتمانییانەش کە لەگەڵ هاووڵاتییانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ژیانی هاوبەشیان پێکهێناوە، مافی ئەوەیان هەیە ببنە ئەندامی پارتەکەمان.
مادەی سێیەم
"شێوازی وەرگرتنی ئەندام"
بۆ ئەوەی کەسێک بە ئەندام وەربگیرێت، پێویستە ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدا بێت:
١- حیزب بناسێت و حیزبیش زانیاری و ناسیاوی لەسەری هەبێت.
٢- ئەندامی هیچ حیزبێکی تر نەبێت.
٣- کەسێکی هەڵسووڕ و چالاک بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت لە بوارێکی حیزبیدا کار بکات.
٤- لە تاقیکارییەکانی حیزب و لەو بەرنامە پەروەردەییانەدا کە حیزب بۆ پێگەیاندنی ئەندامانی خۆی دایان دەنێت، سەرکەوتووانە بێتە دەرەوە. بێجگە لەمە، دەتوانێت لە بەرنامەکانی دیکەی حیزبدا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی توانست و لێهاتوویی خۆی بەشداری بکات.
مادەی چوارەم
"ئەرکەکانی ئەندام"
ئەرکی سەرەکیی ئەندامی حیزب، پاراستنی کەسایەتی و بەرگریکردنە لە ماف و ئازادییە مرۆییەکانی خۆی، حیزبەکەی و نەتەوەکەی.
١- بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی حیزب تێبکۆشێت.
٢- بۆ پاراستنی یەکگرتوویی سیاسی و ڕێکخراوەییی حیزب هەوڵ بدات.
٣- پێڕەوی لە دیسپلین و سیاسەتەکانی حیزب بکات.
٤- پارێزەری نهێنی و بەرژەوەندییەکانی حیزب بێت.
٥- بە شێوەیەکی لێزانانە تێبکۆشێت بۆ پەرەپێدانی سیاسەتی حیزبی و نەتەوەیی؛ بە واتایەکی دیکە، سیمایەکی جوان لە حیزب لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا پێشکەش بکات.
٦- ئەگەر توانای داراییی باشی هەبوو، یارمەتیی حیزب بدات.
٧- لە ئۆرگانەکانی حیزبیدا بەپێی شارەزاییی خۆی کار بکات. بە کورتی، ئەندامێکی دڵسۆز و بەرپرسیار بێت.
مادەی پێنجەم
"مافەکانی ئەندامی حیزب"
ئەو ئەندامەی خاوەن بەرهەم و کاری داهێنەرانە بێت، لە پاداشتی حیزبی سوودمەند دەبێت.
بوونی پڕۆژەی خزمەتکار بە ئامانجەکانی حیزب لە بەرنامەی کاریی تاکەکاندا، نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە تاک خۆی لە حیزب بە جیا نازانێت و دەبێت لە لایەن بەرپرسان و ئۆرگانە پەیوەندیدارەکانەوە ڕێزی لێ بگیرێت و پاداشت بکرێت.
١- ئەندام مافی هەیە بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی لە هەر کام لە ئۆرگانەکانی حیزبدا خۆی بپاڵێوێت.
٢- ئەندام مافی هەیە لە تاکەکەسەوە بگرە تا ئاستی باڵای ئۆرگانەکان، ڕەخنە بگرێت.
٣- ئەندام مافی هەیە سکاڵای خۆی لە هەر تاک و ئۆرگانێک، بۆ ئاستی سەرەوەتر بەرز بکاتەوە.
مادەی شەشەم
"سزای حیزبی چۆن دەبێت؟
لە زۆر شوێندا سزای حیزبییان بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئەندامان گونجاندووە. لە ڕاستیدا ئێمە تەنیا ئەوانە سزا دەدەین کە خیانەتیان بە نیشتمان و حیزب کردبێت (وەک بەکارهێنان یان بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان)؛ لە بوارەکانی دیکەدا، سزاکە تەنیا دادوەرانە و بەپێی ئەو تاوانە دیاری دەکرێت کە ئەندامەکە ئەنجامی داوە. لە ڕاستیدا لێبوردن، دەستگیرۆیی و ڕێنوێنیی پەروەردەیی-مرۆیی، باشترین شێوەی هەڵسوکەوتە لەگەڵ کەسی هەڵەکاردا. ئێمە هەوڵ دەدەین لە پاراستنی کەسایەتیی تاکدا بەرپرسیارانە ڕەفتار بکەین، تا تاکەکە بتوانێت کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات و کەسایەتیی خۆی بدۆزێتەوە.
مادەی حەوتەم
"پێکهاتەی حیزبی"
١- لە حیزبی ئێمەدا، دوو بنەمای «ناوەندگەری» و «دیمۆکراسی» شانبەشانی یەکتر بۆ بەرەوپێشبردنی کاروبارەکان بەکار دەهێنرێن.
٢- ئۆرگانی حیزبی، ئۆرگانێکی وەڵامدەرە؛ بەو واتایەی ئەگەر لەلایەن تاکەکانی حیزبەوە سکاڵایەکی لەسەر بەرز کرایەوە، نابێ خۆی لێ ببوێرێت و گوێ بە داواکانیان نەدات، بەڵکو دەبێ بەرپرسیاری ئەرک و کردارەکانی خۆی بێت.
٣- بڕیار لەسەر کێشە و پرسە گرنگەکان، دەبێ بە شێوەیەکی لۆژیکی و بە ڕاوێژی گشتی، بەدوور لە ڕق و کینە و توندڕەوی بدرێت.
٤- زۆرینە بەردەوام دەبێ ڕەچاوی مافی کەمینە بکات. دابینبوونی ئاسایشی کەمینە و تاکە جیاوازبیرەکان، سەرکەوتنی زیاتری حیزبی لێ دەکەوێتەوە.
٥- دیسیپلینی حیزبی بۆ هەموو ئەندامێک وەک یەکە.
٦- بڕیارەکانی ئۆرگانی سەرەوە لەلایەن ئۆرگان و ئەندامانی خوارەوە جێبەجێ دەکرێن و بۆچوونی ئەندامانی خوارەوەش دەتوانێت بڕیارەکانی سەرەوە دەوڵەمەندتر بکات.
٧- حیزبی ئێمە حیزبێکی سەردەمیانەی دیمۆکراتە و ڕێگە بە هیچ کەسێک نادات بە شێوەیەکی تاکڕەوانە هەڵسوکەوت بکات و پرەنسیپ و یاساکانی حیزب پێشێل بکات.
٨- بوونی «فراکسیۆنی سیاسی»ی خاوەن پڕۆژە، تەنیا بۆ ئەو ماوەیەیە کە پڕۆژەکە کاری لەسەر دەکرێت. بە کردەوە، فراکسیۆنی درێژخایەن هیچ مانایەکی نییە؛ وەک ئەوەی لە ناو حیزبەکانی دیکەدا دەبینرێت کە تەنانەت دوای بەئەنجامگەییشتنی پڕۆژە سیاسییەکەش، هەر ماونەتەوە. بوونی فراکسیۆنی درێژخایەن ئەو مەترسییەی هەیە کە ئەندامانی ئەو لایەنە تووشی بەرپەرچدانەوەی دەسەڵات ببنەوە.
٩- ڕاپۆرتی کار و چالاکیی ئۆرگانەکان و تەنانەت ئەندامانیش، دەبێ بە ئاراستەی سەرەوە و خوارەوەدا بگۆڕدرێتەوە. نابێ ئەندامی حیزب لە بارودۆخ، هەڵوێست و ئاکارەکانی حیزب بێئاگابێت.
ماددەی هەشتەم
پێکهاتە وناوەندەکانی حیزب " دابەشبوونی دەسەڵات لە حیزبدا"
١- دەسەڵاتی باڵا لە پارتەکەماندا «کۆنگرەیە» کە هەموو چوار ساڵ جارێک، ئەرک و کاروبارەکانی خۆی بەم شێوەیەی خوارەوە دیاری دەکات:
٢- ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەڵدەبژێرێت.
٣- بابەتە سیاسییەکان و کێشەکان تاوتوێ دەکات.
٤- پڕۆژەکان بۆ کارکردن ئاراستە دەکات.
٥- بۆ ڕێبەرایەتیی باشترکردنی پارتەکەمان، ڕاوێژکاران دەستنیشان دەکات. ٦- کۆمیسیۆنەکانی کار پێک دەهێنێت.
٧- پڕۆژە پەسەندکراوەکان بۆ جێبەجێکردن دەنێرێت.
مادەی نۆیەم:
"پێکهاتەی سەرۆکایەتیی حیزبەکەمان بەم شێوەی خوارەوە دەبێت"
١-ئەنجومەنی سەرکردایەتی:
ئەرکی کاروباری دیپلۆماسی و بەڕێوەبردنی ئیداریی حیزب لە ئەستۆی ئەم ئەنجومەنەدایە. ئەم ئەنجومەنە لەسەر بنەمای جوگرافیای وڵاتەکەمان، بە ناوی «ئەنجومەنی هەرێمەکان» پێک دێت.
٢- ئەنجومەنی باڵای ستراتیژی
ئەم ئەنجومەنە ڕێڕەوی ستراتیژیی پارتەکەمان دادەڕێژێت و پلانی درێژخایەن لە دەستی ئەواندا دەبێت. ئەمانە لە چارەسەرکردنی کێشەکان و هەڵسەنگاندنی پرسە چارەنووسسازەکاندا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
٣- دەستەی سەرۆکایەتی
ئەنجومەنی سەرکردایەتی بۆ ماوەی چوار ساڵ، دوو کەسی یەکەمی حیزب وەک سەرکردە دیاری دەکات؛ یەکەمیان وەک "سەرۆکی پارت» و ئەوی دیکەیان وەک «جێگری سەرۆک»
تێبینی: بەهۆی بارودۆخی ئێستاوە، تەنیا کۆنفرانس بەستراوە و کەسێک وەک وتەبێژی پارت دیاری کراوە، کە لەم قۆناغەدا ڕۆڵی کەسی یەکەمی حیزبی گێڕاوە.
مادەی دەیەم
"ئامادەکارییەکانی کۆنگرە"
١- ئەنجومەنی سەرکردایەتی، ژمارەی بەشداربووانی کۆنگرە بۆ کۆمیسیۆنەکان دیاری دەکات.
٢- کۆمیسیۆنەکان داوا لە کۆمیتە و ناوەندەکانی ژێردەستی خۆیان دەکەن، نوێنەرەکانیان بنێرن بۆ کۆمیسیۆن و ڕاپۆرتی کاروچالاکییەکان، سکاڵا و پڕۆژەکانیان بۆ تاوتوێکردن لە کۆنگرەدا کۆ دەکەنەوە.
٣. پێویستە هەموو بەشەکان بە ڕاپۆرتی خۆیانەوە، نوێنەری تایبەتی ئۆرگانەکەیان بنێرنە کۆنگرە و پڕۆژەکانیشیان پێشکەش بکەن.
مادەی یازدەهەم:
"مەرجەکانی بەشداربووانی کۆنگرە"
١- نوێنەر کەسێکە دەتوانێ بابەتێکی شیاو بورووژێنێ و پڕۆژەیەک پێشکەش بکات.
٢- نوێنەر دەبێ لە فلتەری (پاڵاوتنی) کۆمیسیۆن تێپەڕ بێت و کاروچالاکییەکانی پێداچوونەوەی بۆ کرابێت؛ ئەمەش بەو مانایە نییە دیموکراسی ڕەچاو نەکرابێت.
٣- نوێنەر دەبێ باوەڕی تەواوی بە سیاسەتەکانی پارتەکەی هەبێت. - تەمەنی خزمەتی نوێنەران لە ڕیزەکانی حیزبدا نابێ لە دوو ساڵ کەمتر بێت، مەگەر بە بانگهێشتی ڕاستەوخۆی «ئەنجومەنی سەرکردایەتی» بێت.
ماددەی دوازدەیەم
"داهاتی حیزب"
١- حیزب پشت بە یارمەتی و پشتیوانیی ئەندامان و لایەنگرانی دەبەستێت.
٢- سەرمایەی حیزب لەکارناخرێت و بەکاردەهێنرێت؛ بەو ئەندامانە دەسپێردرێت کە جێگەی متمانەن تا لە پێناو خزمەتی حیزبدا وەگەڕی بخەن.
٣- هەقی ئابوونەی ئەندامان
ماددەی سیزدەهەم
لۆگۆی پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی کوردستان
ڕەهەندەکانی سیمبوڵی و پەیامی لۆگۆی پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی کوردستان لۆگۆی هەر پارتێکی سیاسی، تەنیا ڕەسمێکی ڕازاوە نییە، بەڵکو گوزارشتێکی هێمایی و دیزاینکراوە بۆ دەربڕینی ئایدۆلۆژیا، ئامانج و ئەو بەهایانەی پارتەکە لەسەری دامەزراوە. لۆگۆی «پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی کوردستان» لە ڕێگەی تێکەڵکردنی ڕەنگ و شێوەگەلی تایبەتەوە، گوتارێکی ڕوونی نەتەوەیی و مرۆیی پێشکەش دەکات.
١- کۆتر؛ هێمای نەگۆڕی ئاشتیخوازی
لە ناوەندی لۆگۆکەدا، وێنەی کۆترێک دەبینرێت. کۆتر لە سەرانسەری کولتوورەکاندا بە سیمبولی ئاشتی و پێکەوەژیان دەناسرێت.
ئەم هێمایە پەیامێکی ستراتیژییە؛ ئەوە دەگەیەنێت کە سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و مێژووی پڕ لە ئازاری گەلی کورد، هێشتا بژاردەی گەیشتن بە مافەکانە لە ڕێگەی ئاشتی و دیالۆگەوە. کۆتر لێرەدا نوێنەرایەتی ویستی گەلی کورد دەکات بۆ ژیانێکی شایستە لە چوارچێوەی ئاشتیدا.
٢- ڕەنگی شینی ئاسمانی؛
"ڕەنگدانەوەی ئازادی و هیوای مەزن، شینی ئاسمانی، ڕەنگی کرانەوە، ئازادی و ئاسۆیەکی دوور و درێژە. ئەم ڕەنگە هێمایە بۆ ئەو ئاشتییەی کە دوای تێکۆشانێکی درێژخایەن بەدەست دێت. پەیامێکە بۆ هاووڵاتییان کە ئەم پارتە لەپێناو بەدیهێنانی ئازادییەکی گشتگیر و سەقامگیردا تێدەکۆشێت.
٣- چوارگوشەکان؛ یەکێتیی خاکی کوردستان
یەکێک لە گرنگترین توخمەکانی ناو ئەم لۆگۆیە، بوونی چوار، چوارگوشەیە.
ئەم چوارگوشانە گوزارشت لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەن.
بەکارهێنانی شێوەی چوارگوشە، ئاماژەیە بۆ پێکهاتەیەکی بەهێز، سەقامگیر و ڕێکخراویی کە ئامانجەکەی تەنیا یەک پارچە نییە، بەڵکو داکۆکیکردنە لە گشت نەتەوەی کورد.
لۆگۆی پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی کوردستان، بەرهەمی یەکخستنی «ئاشتی»، «ئازادی» و «یەکێتی نەتەوەیی»یە. بانگەوازێکی هێمنانە و لە هەمان کاتدا پڕ لە متمانەیە بۆ بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکان لە ژێر سایەی دیموکراسی و لیبڕاڵیزم ئینسانیدا.
____________
تێبینی: ئەم بەرنامەیە لە كۆنفرانسی هەشتەم پارتەكەماندا پەسند کراوە.

ڕێکهوتی بڵاوکرانهوه : 2025-07-04 09:47