پارتی لیبراڵ دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی ساڵیادی شەهیدبوونی ژینا ئەمینییەوە، بانگەوازی پشتیوانی لە مانگرتنی گشتی دەکات. "دەقی پەیامەکە بەم شێوەیەیە"
چوار ساڵ بەسەر کارەساتی دڵتەزێنی شەهیدکردنی "ژینا ئەمینی" تێدەپەڕێت؛ ئەو ڕووداوەی کە تەنیا مەرگی کچێکی کورد نەبوو، بەڵکو بوو بە هەوێنی هەستانەوەی ویژدانی مرۆیی و دەستپێکێکی نوێ بۆ خەباتی ئازادیخوازی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرانسەری ئێراندا. ئەمڕۆ کە نزیک دەبینەوە لە ٢٥ی خەرمانان، یادی ئەو ڕۆژە پڕ لە خوێن و شکۆیە، بۆ جارێکی دیکە بانگەوازی گشتیمان بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، کرێکاران، مامۆستایان، خوێندکاران و کاسبکاران ئەوەیە کە بە یەکگرتوویی و هاودەنگی، پەیامی «ژینا» و ئازادی بەرز ڕابگرن.
بزووتنەوەی ژینا «ژن، ژیان، ئازادی» شۆڕشێک بۆ گۆڕانکاریی ڕیشەیی بوو، نەک تەنیا خۆپیشاندانێکی کاتی؛ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بوو لە هزری کۆمەڵایەتی و سیاسیی خەڵکدا. ئەم بزووتنەوەیە توانی سنوورە دەستکردەکان تێک بشکێنێت و خواستێکی گشتی بۆ ڕەتکردنەوەی ستەم و چەوساندنەوە بەدی بهێنێت.
ژینا ئەمڕۆ بووەتە هێمای شکۆمەندیی مرۆڤ و خەبات بۆ مافە بنەڕەتییەکان؛ ئەو مافانەی کە دەسەڵاتی دیکتاتۆر بە هەموو شێوەیەک هەوڵی کپکردنیان دەدات. پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی کوردستان، وێڕای بەرزنرخاندنی ئەو هەڵوێستە نیشتمانی و ویژدانییانەی کە لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا پیشان دراون، داوا لە سەرجەم نیشتمانپەروەران و ئازادیخوازان دەکات کە لە ڕۆژی ٢٥ی خەرماناندا، وەک ڕێزێک بۆ خوێنی شەهیدانی ڕێگای ئازادی و بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بە سیاسەتی سەرکوتکارانەی دەسەڵات، بە شێوەیەکی مەدەنی و ئاشتییانە دەست بۆ مانگرتنی گشتی دەبەین.
ئێمە پێمان وایە کە مانگرتن وەک ئامرازێکی مەدەنی و کاریگەری خەباتی دیموکراتیک، دەتوانێت دەنگی ناڕەزایەتیی گەل بگەیەنێتە هەموو جیهان و ڕوو لە دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆر بڵێت: "تیرۆر، کوشتن و گرتن، نەک هەر نەبووەتە هۆی کپکردنی دەنگمان، بەڵکو ئیرادەی گەلەکەمان بۆ گەیشتن بە ئازادی و دیموکراتی بەهێزتر دەکات.
با بەشداریی بەرفراوانمان لە مانگرتنی گشتی، بەڵێنی نوێکردنەوەی پەیمان بێت لەگەڵ گیانی پاکی شەهیدان. با نیشانی بدەین کە «ژن، ژیان، ئازادی» دروشمێک نییە لە کتێبەکاندا مابێتەوە، بەڵکو ڕێچکەیەک و ئامانجێکی زیندووە کە تا گەیشتن بە دوا مەنزڵگای ئازادی بەردەوام دەبێت. پشتیوانی لە یادی ژینا، پشتیوانییە لە شکۆی نەتەوەیەک.
ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان، ڕۆژی ڕەتکردنەوەی زۆرداری و دەربڕینی ئیرادەی گەلە.
پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی کوردستان
٢٣ی خەرمانانی ٢٧٢٦ کوردی