هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران، گەنجێکی تەمەن ١٩ ساڵی کوردیان بە ناوی «سۆران یاری» لە شاری جوانڕۆ دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە سەربانی ماڵەکەیان، تووشی شکانی لاق بووە و سەرەڕای دۆخی ناجێگیری تەندروستی، هێزەکان بە برینداری ڕفاندوویانە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست کەوتوون، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی خەرمانان، کاتژمێر ٥ی بەیانی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە هەڵکوتانە سەر ماڵی خێزانی سۆران یاری، هەوڵی دەستبەسەرکردنی ناوبراویان داوە. لەو ساتەدا و بۆ خۆپاراستن لە دەستگیرکردن، ناوبراو هەوڵی هەڵاتنی داوە و لە سەربانی ماڵەکەیانەوە کەوتووەتە خوارەوە، کە بەو هۆیەوە لاقێکی شکاوە.
سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایان گەیاندووە؛ هێزە ئەمنییەکان بێ گوێدانە برینداربوونی سەختی سۆران یاری و پێویستیی بەپەلەی بە فریاگوزاریی پزیشکی و نەشتەرگەری، بە هەمان دۆخی ئازار و برینداربوونەوە دەستبەسەریان کردووە و بە زۆرەملێ بەرەو شوێنێکی نادیاریان بردووە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردنەکە، شوێنی ڕاگرتن و دۆخی تەندروستیی ئەم گەنجە لە بەردەستدا نییە و نیگەرانییەکان لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەلایەن کەسوکارەکەیەوە بەردەوامە.