ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕایدەگەیێنێت، وێنە ئاسمانییەکان نیشان دەدەن کە جووڵە و کاری بیناسازی لە دامەزراوە ئەتۆمییە ژێرزەوییەکەی ئێران، ناسراو بە "چیای کۆڵینگ"، بەردەوامە.
ڕافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی تەلەفزیۆنیی "بلومبێرگ" ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای ئەوەی پشکنەرانی ئاژانسەکە تا ئێستا دەرفەتی چوونەژوورەوەیان بۆ نێو تونێلەکانی ئەو دامەزراوەیە بۆ نەڕەخساوە، بەڵام چاودێرییەکان بەردەوامن.
گرۆسی گوتی: "بەڵگەی ڕوون هەن کە چالاکی لە دەوروبەری ئەو شوێنەدا دەگوزەرێت"، بەڵام جەختی کردەوە کە ئاژانسەکەیان هێشتا زانیاریی وردی لەبارەی ئەوەی لە ناوەوەی دامەزراوەکەدا چی دەگوزەرێت، لەبەردەستدا نییە. ئەم لێدوانانەی بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆم لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، چەند جارێک نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە جموجۆڵەکانی ئەو دامەزراوەیە دەربڕیوە. ت
رامپ ڕۆژی چوارشەممە ڕای گەیاندبوو کە وڵاتەکەی هەندێک چالاکیی گوماناویی لەو ناوچەیەدا بەدی کردووە. سەرۆکی ئەمەریکا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و ڕای گەیاند، هەر کردەیەکی وروژێنەر یان مەترسیدار لەو دامەزراوەیە، وەڵامدانەوەی توندی واشنتۆنی لێ دەکەوێتەوە.
تا ئێستا بەرپرسانی ئێران سەبارەت بەم لێدوان و هۆشدارییانە هەڵوێستی فەرمییان ڕانەگەیاندووە، بەڵام چاودێران پێیان وایە پەرەسەندنی ئەم دۆخە دەبێتە هۆی ئاڵۆزتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و وڵاتانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.