لە ئێستادا بانگی شوینیستی ئێرانی دژ بە فرەڕەنگی و پێکهاتەی موزایکی ئێران لە میدیاکانی «من و تو»، «ایران اینترنشنال» و تەنانەت «بی بی سی فارسی»یش بە ڕۆژانە بە ئاشکرا دەبیسرێ.
بێ شک ئەم ڕەوتە تازە نییە و پاشخانێکی کۆنی لە ڕابردوودا هەیە. بیانووی «تمامیت ارضی» هەمیشە چاوبەستنێک بووە بۆ شاردنەوەی دیدی شوینیستی ئێرانی چ ئیسلامی یان شاپەرەست. بە گەڕانێکی خێرا بە نێو مێژووی زارەکی ئێراندا لە سەروبەندی ساڵەکانی ١٣٢٠ هەتا کۆتایی ساڵەکانی ١٣٦٠ هەتاوی سەرچاوەی ئەم شونیزمەی ئێستامان بۆ دەردەکەوێ.
لەم مێژووە زارەکییەدا کە بەشێکی بەرچاویشی لە شکڵی کتێبی بیرەوەریدا چاپ کراون، دید و ڕوانگەی شوینیستانەی بەرپرسان و شتبەدەستانی جۆراوجۆری ئیسلامی، سێکۆلار و شاپەرەست هەر لە لایەنگرانی دوێنێی خومەینی وەک سازمانی ئینقلابی ئیسلامی و حیزبی موئتەلفە (ڕێفورمخوازانی ئێستا)، جبهەی میللی و نەهزەتی ئازادی، لایەنگرانی شا و تیمسار و ساواکی و بەگشتی شاپەرەستەکان ڕەنگی داوەتەوە.
تیمسارەکانی ئەرتەش، باڵوێز و وەزیرەکانی شا، هاوڕێ لەگەڵ ئەندامانی جەبهەی میللی و تەنانەت کەسێکی وەک کەریم سەنجابی کە شانازی بە کوردبوونی خۆشیەوە دەکا، بۆ نموونە کۆماری کوردستان وەک (غائلەی ئازەربایجان) ناودێر دەکەن و ڕووخانی کۆمار و لە سێدارەدانی قازییەکان وەک سەرکەوتنێکی گەورەی سیاسی و سەربازی بۆ حەمەڕەزا شا دەناسێنن. سەرکوت و کوشتاری تورک و کورد لە ئازەربایجان و کوردستان وەک دەسپێکی چەسپاندنی سەڵتەنەتی پەهلەوی لە پاش ئاژاوەو بشێوی و مەترسی پارچەبوونی ئێران لە دوای شەڕی دووەمی جیهانی دەزانن. لێرەدا هیچ جیاوازییەک لە نێوان بۆچوونی شاپەرەستان و جبهەی میللی مەشروتەخوازدا نابیندرێ.
کە باس دێتە سەر ساڵەکانی دوای ڕووخانی شا ١٣٥٧ و سەرهەڵدانەوەی کورد و بەهەمان شێوەش کوشتار و سەرکوتی دووبارەی کوردستان، ئیتر ڕوانگەیەکی هاوبەش لە ژێر سەرکوتی (تجزیەطلبی) لە نێوان شاپەرەست، مەشرووتە خواز، بەشێک لە نەهزەتی ئازادی بازرگان، لایەنگرانی ئەوسای خومەینی بە ئسوولگەرا و ڕێفۆرمخواز لە موحسێن ڕەزاییەوە هەتا ئەکبەری گەنجی و موحسین سازگارا، لە ئەرتەش و سپای پاسداران بە ڕوون و ئاشکرا دیارە.
تەنانەت بەشێکی زۆر لە ڕێفۆرمخوازانی ئێستا لە ڕیزەکانی موجاهیدینی ئینقلابی ئیسلامی و حیزبی موئتەلفە و حزبی جمهوری ئیسلامی وەک فەرماندەی سپای پاسداران لە کوردستان بەشداری شەڕەکانیان کردووە. بەشێک لە فەرماندەکانی پێشووی ئەرتەشی شاش بە هەمان شێوە لە ڕیزی ئەرتەشی جمهوری ئیسلامیدا لە سەرکوتی کوردستاندا بەشداری چالاکانەیان کردووە.
هەموو ئەمانە لە لایەنگرانی خومەینییەوە بگرە هەتا شاپەرەستە هەڵاتووەکان، شەڕی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و حوکمی جیهادی خومەینی وەک بەشێک لە شەڕ لە دژی دەوڵەتی عێراق و شەڕ بۆ سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی ئێران دەزانن. تەنانەت شاپەرەستەکان کە بۆ خۆیان شانازی بەشدارییان لە شەڕی کوردستاندا نەبووە، خۆیان بە قەرزارباری سپای پاسداران دەزانن کە بە سەرکوت و کوشتاری کورد یەکپارچەیی خاکی ئێرانیان پاراستووە. بە هەڵکەوت نییە کە ئەردەشیری زاهیدی هەم وەزیری دەربار و هەم زاوای شا لە کوشتنی قاسم سلێمانیدا بەیاننامەی پرسە و پێداهەڵدان بڵاو دەکاتەوەو وەک یەکێک لە گەورە پیاوانی پارێزەری ئاو و خاک و شەرەفی ئێرانی دەزانێ.
فەرماندە، کاربەدەست و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە پێداچوونەوە بە هەڵە و کوشتارەکانی سەردەمی شۆرشی ٥٧ و ساڵەکانی دواتر قامک لە سەر گەلێک هەڵەی خۆیان دادەنێن. وەک نموونە ئێعدامی ساواکی و تیمسارەکانی ئەرتەش، ئێعدامی عەباس هوەیدا، دەرکردن و زیندانی کردنی کاربەدەستانی پێشووی پاشایەتی، دەسپێکی شەڕی عێراق و دنەدانی سەدام بۆ شەڕ، درێژە پێدانی شەڕ دوای گرتنی خوڕەمشار و هی دیکە … بەڵام لە تاقە وشەیەکەدا ئەم کۆنە پاسدار و ئێستا ڕیفۆرمخواز و لایەنگری حوکمی قانوون و یاسا پەژیوانی لە سەر حوکمی جیهاد، ئێعدامی هەڕەمی و هێرش و سەرکوت و کوشتاری کوردستان دەرنابڕن و هەموو هێزە چەپ و دیمۆکراتەکانی کورد، تورک و بەلووج بە بێ جیاوازی بە جیاوازیخواز دەزانن.
دەستەواژەی وەک کوفار کە کە سەرەتادا لە لایەن خومەینی بۆ هێزە کوردییەکان بەکار دەبرا لابرداوەو لە جێگەی ئەو «تەجزیەتەڵەب» هەمان تێرمینۆلۆژی شاپەرەستەکان بەکار دەبرێ.
ئەم یەکگرتن و هاوئاهەنگییە ناپیرۆزەی کە ئیمڕۆ لە نێوان کوڕی شا و شاپەرەستە ڕێفۆرمخوازە سەوزەکانی دوێنێ پاسدار لە دوای شۆرشی ژن ژیان ئازادی هاتۆتە گۆڕێ بە ڕێکەوت نییە و هەردووکیان جووت بە جووت و هاوشانی یەکتری لە فاشیزمی ئێرانی سەرچاوە دەگرن.
هێڵی فاشیزمی ئێرانی، هێڵێکی پان و بەرینە کە هەر دوو لایەنی بەڕواڵەت دژبەیەکی لایەنگرانی خومەینی و ئێستا خامنەیی (فاشیزمی مەزهەبی ئێرانی) و شا و کوڕی شا، پاشماوەکانی جەبهەی میللی و مەشرووتەخواز و کۆماریخواز ( فاشیزمی سێکولار) بە دەوری یەکتریدا کۆ دەکاتەوە.