عەلی ئوسلووب، هاووڵاتیی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، کاتێک بە ماتۆرسکیلێت لە نزیک گوندی «جڵدیان»ی سەر بەم شارە تێدەپەڕی، کەوتە بەر دەسڕێژی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و گیانی لەدەست دا.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند: ئێوارەی ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠٥، ئەم هاووڵاتییە کە خەڵکی گوندی «کێلەسیپان»ی پیرانشارە، لە جادەیەکی نزیک گوندی «جڵدیان» بە ماتۆرسکیلێتدا تێدەپەڕێت و لەناکاو دەکەوێتە بۆسەی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە. ئەو هێزانە بە چەکی جۆراوجۆر وەک دۆشکە و کڵاشینکۆف دەسڕێژی لێ دەکەن.
لە ئەنجامی دەسڕێژەکەدا، چەندین گوللە بەر ناوبراو دەکەوێت و دەسبەجێ گیان لەدەست دەدات. هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات تەرمەکەی دەبەن و دەستی بەسەردا دەگرن.
بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە دوای ئاگاداربوون لە ڕووداوەکە، سەردانی دادگا و ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشاریان کردووە. بە گوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، داواکاری گشتیی پیرانشار کوژرانی ناوبراوی پشتڕاست کردووەتەوە و بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە تەرمەکەی لای دامودەزگا ئەمنییەکانە و ڕادەستیان ناکەنەوە.
سێ ڕۆژ دوای کوژرانی عەلی ئوسلووب، لە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٥دا، وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و بەبێ ئاماژەدان بە ناسنامەکەی، ئەم هاووڵاتییەی وەک «ئەندامی چالاک»ی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی لە قەڵەم دا. ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکانیش وێنەی تەرمەکەیان بڵاو کردووەتەوە.