ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران نووسیویەتی واشنتۆن دەیەوێت هەموو ماددە ئەتۆمییە پیتێنراوەکان لە ئێران بباتە دەرەوە؛ پرسێک کە بەپێی ڕۆژنامەکە نەک تەنها هەندێک ئاستی پیتاندن، بەڵکوو تەواوی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراویش دەگرێتەوە.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئەم مەرجەی بە "هێڵی سوور"ی ئەمریکا لە دانوستانەکاندا وەسف کردووە.
لەو چوارچێوەیەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی (PBS News Network) ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی ئەگەری دەتوانێت گواستنەوەی نزیکەی هەزار پوند یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئێرانەوە بۆ ئەمریکا لەخۆبگرێت و هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە لە چوارچێوەی ئەو ڕێككەوتنە، دامەزراندنی دامەزراوەی ئەتۆمیی ژێرزەمینی لە ئێران قبووڵ ناکرێت.
ترامپ گەشبینیی خۆی لە بەرەوپێشچوونی دانوستانەکان دەربڕی و گوتی هەست دەکات هەردوولا لە ڕێککەوتن نزیکبوونەتەوە، بەڵام ھاوكات جەختی لەوە کردەوە کە ئەزموونەکانی ڕابردوو دەریدەخەن کە پێویستە تا ئەنجامی کۆتایی چاوەڕێ بكەین. هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد، بەدووری دەزانێت هەندێک کەسایەتیی نزیک لە خۆی وەک ستیڤ ویتكاف و جەرد کوشنێر بۆ دانوستانەکان بنێردرێن.