ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی سەرماوەز، سۆفی ڕۆستەمی، تەمەن ٦٠ ساڵ و خەڵکی بایەنگانی سەر بە پاوە، هاوژینەکەی زێنەب یووسفپوور، تەمەن ٤٩ ساڵ و خەڵکی بۆکان و شیلان ڕۆستەمی، تەمەن ٢٣ ساڵ و کچی ئەو ژن و مێردە، لە ماڵە تایبەتییەکەی خۆیان لە ورمێ، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی ئەم شارە دەستبەسەر کران.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری ئاشکرای کرد کە " دەستبەسەرکردنی ئەم سێ هاووڵاتییە نزیکەی کاتژمێر ٥ی ئێوارە و دوای هێرشی هێزە بەكرێگیراوەكان بۆ سەر ماڵەکەیان، بەبێ نیشاندانی هیچ بەرگەیەكی دادوەری كراوە".
زەینەب یووسفپوور، خوشکی فەتاح یووسفپوورە، کە ڕۆژی سێشەممە ٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤، لە درێژەی هێرشی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەكەیان بە توندوتیژیەکی زۆر دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو دوای بیست ڕۆژ دەستبەسەری بە بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادگاییکردن ئازاد کراوە.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیاریی ورد سەبارەت بە هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.