پەیامی پیرۆزبای پارتی لیبڕاڵ دێموکراتی کوردستان بە بۆنەی ٤٦ەمین ساڵڕۆژی "دامەزرانی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان". دەقی پەیامەکەیە"
بۆ: بەڕێزان ئەندامانی ڕێبەری، کادر و ئەندامانی ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان
سڵاوێکی شۆڕشگێڕانه
ب / بروسکەی پیرۆزبایی
بە بۆنەی تێپەڕبوونی چل و شەش ساڵ بەسەر دامەزراندنی «ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان»دا، پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی کوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی سەرکردایەتی، کادیران، پێشمەرگەکان و سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی ئەم ڕێکخراوە تێکۆشەرە دەکات.
پێنجی خەرمانان وێستگەیەکی دیارە لە مێژووی خەباتی ڕەوای گەلی کورد بۆ بەدەستهێنانی مافە مرۆیی و نەتەوەییەکان. ڕێکخراوی خەبات لە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە تەنگژەی مێژووی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا سەری هەڵدا و توانی لە ڕێگەی تێکۆشان و قوربانیدانی بەردەوامەوە، ببێتە بەشێکی گرنگ لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلەکەمان.
وەک پارتی لیبڕاڵ دیموکراتی کوردستان بە ڕێزەوە لەو مێژووە پڕ لە هەوراز و نشێوە دەڕوانین کە تێیدا ڕێکخراوی خەبات وەک هێزێکی سیاسی و نیشتمانی، بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بووە دەنگ و ڕەنگی ئازادیخوازیی کورد لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بە زیندوویی بهێڵێتەوە. جەختکردنەوە لەسەر بنەماکانی ئازادی، دادپەروەری و دیموکراسی، ئەو خاڵە هاوبەشانەن کە پێویستە هێزە سیاسییەکان لەم پێناوەدا زیاتر لێک نزیک ببنەوە و پێکەوە بۆ داهاتوویەکی گەشتر کار بکەن. لەم یادە پیرۆزەدا، سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی، بەتایبەت شەهیدانی ڕێکخراوی خەبات، کە بە خوێنی خۆیان مێژووی سەربەرزانەی کوردیان نووسییەوە.
هیوادارین ئەم ساڵڕۆژە ببێتە دەسپێکێک بۆ یەکگرتوویی زیاتری هێزەکانمان لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکانی گەلەکەمان و مسۆگەرکردنی مافی بڕیاردان لە چارەنووس.
دووبارە ئەم یادە پیرۆز بێت و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتر بۆ تێکۆشەرانی ڕێکخراوی خەبات دەخوازین.
پارتی لیبراڵ دیمۆکراتی کوردستان
٣ی خەرمانان ٢٧٢٦ کوردی